رووداو دیجیتاڵ
بە رێککەوتنی نێوان پەرلەمان و حکومەتی عێراق، پڕۆژەیاسایەک بۆ پێدانی مۆڵەتی 5 ساڵ بە فەرمانبەران تاوتوێ دەکرێت. بەپێی پڕۆژەکە، فەرمانبەر تەنیا مووچەی بنەڕەتی وەردەگرێت، ئەوەش بە مەبەستی کەمکردنەوەی خەرجییەکانی دەوڵەت و بچووککردنەوەی قەبارەی بودجە.
پڕۆژەیاساکە کە کۆپییەکی دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتووە، لەلایەن وەزارەتی دارایی فیدراڵەوە ئامادەکراوە و لە 19ـی تەممووزدا لەلایەن لیژنەی داراییەوە ئاراستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان کراوە بۆ ئەوەی بخرێتە خشتەی کارەوە. مۆڵەتەکە فەرمانبەری ئاسایی تاوەکو پلەی بەڕێوەبەری گشتی دەگرێتەوە و تەنیا مووچەی بنەڕەتییان (بێ دەرماڵە) پێدەدرێت.
جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە رووداوی راگەیاند: "ئەم پڕۆژەیاسایە بۆ کەمکردنەوەی خەرجیی بەکارخستن و کەمکردنەوەی قەبارەی بودجەیە، چونکە حکومەت ناتوانێت ژمارەی فەرمانبەران کەم بکاتەوە؛ ئەگەر تەنیا مووچەی بنەڕەتی وەربگرن، خەرجیی بەکارخستن کەمتر دەبێتەوە." ئاماژەی بەوەش کرد کە وەزارەتی دارایی دەیەوێت بەر لە پەسندکردنی یاسای نوێی بودجە، ئەم پڕۆژەیاسایە جێگیر بکات.
بەپێی راپۆرتێکی وەزارەتی دارایی عێراق، لە 5 مانگی یەکەمی ئەم ساڵدا، تێکڕای خەرجییەکان 46.6 تریلیۆن دینار بووە، کە 45 تریلیۆن دیناری تەنیا بۆ خەرجیی بەکارخستن (مووچە و پێداویستی) بووە، ئەوەش دەکاتە 96.5%ـی تێکڕای خەرجییەکان.
پڕۆژەیاساکە لە 10 مادە پێکهاتووە. رێبوار کەریم، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە رووداوی راگەیاند: "پێشتر رێنماییەک لە نێو یاسای بودجەدا هەبووە بۆ ئەم جۆرە مۆڵەتە، بەڵام ئەمە یەکەم جارە یاسای تایبەتی بۆ دابڕێژرێت."
یاساکە فەرمانبەری سەرپشک کردووە کە مۆڵەتەکەی لە نێوان 1 بۆ 5 ساڵ بێت و ماوەکەشی بۆ خانەنشینی بۆ هەژمار دەکرێت. هەروەها فەرمانبەر دەتوانێت دوای تەواوبوونی ماوەکە، جارێکی دیکە هەمان مۆڵەت وەربگرێتەوە. بڕیاریشە بۆ روونکردنەوەی زیاتر لەسەر لایەنە داراییەکان، وەزیری دارایی بانگهێشتی لیژنەی دارایی پەرلەمان بکرێت.
سەبارەت بەوەی ئایا ئەم یاسایە هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە، رێبوار کەریم گوتی: "بۆ ئەوەی ئەم یاسایە لە هەرێمی کوردستان جێبەجێ بکرێت، پێویستی بەوە هەیە پەرلەمانی کوردستان بڕیار لە جێبەجێکردنی بدات یان حکومەتی هەرێمی کوردستان رێنمایی تایبەتی بۆ دەربکات."



