رووداو دیجیتاڵ سەرۆکی نوێنەرایەتیی ئاینی زەردەشتی لە عێراق لە دادگەی فیدراڵی دوو سکاڵا تۆماردەکات بۆ ئەوەی کۆتایان لە پەرلەمان و ئەنجوومەنی پارێزگاکان هەبێت و بکرێنە بەشێک لە دیوانی ئەوقافەکان لە عێراق. سکاڵاکان بە ناوی حەیدەر عوسفور، سەرۆکی نوێنەرایەتیی ئاینی زەردەشتی لە عێراق لەسەر پەرلەمانى عێراق تۆمارکراوە. لە یەکێک لە سکاڵاکانیدا داوای کردووە ئەو بڕگانەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمان و ئەنجوومەنی پارێزگاکان بە نادەستووری بناسرێن کە تایبەتن بە دابەشکاریی کورسییەکانی پەرلەمان و ژمارەی کۆتاکان. قەحتان خەیروڵڵا، پارێزەری دۆسیەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەو سکاڵایە بۆ ئەوەیە زەردەشتییەکان وەک پێکهاتە ئاینی و نەتەوەییەکانی دیکە، کۆتایان لە پەرلەمان و ئەنجوومەنی پارێزگاکان هەبێت". سکاڵایەکی دیکەى حەیدەر عوسفور دژی مادەی یەکی یاسای دیوانی ئەوقافەکانی مەسیحی، ئێزدی و سابیئەی مەندائی تۆمارکراوە و تێیدا داوا لە دادگەی فیدراڵی کراوە ئەو مادەیە بە نادەستووری بناسرێ، بەوپێیەی کە زەردەشتییەکان ناگرێتەوە. قەحتان خەیروڵڵا رایگەیاند کە ئەو سکاڵایە بۆ ئەوەیە زەردەشتییەکان لە دیوانی ئەوقافەکان جێگەیان بکرێتەوە. دادگەی فیدراڵیی عێراق 29ی تەممووزی دیاریکردووە بۆ ئەنجامدانی یەکەم دانیشتن لەبارەی هەردوو سکاڵاکەوە کە سەرۆکی نوێنەرایەتی ئاینی زەردەشتی لە عێراق تۆماری کردوون.