رووداو دیجیتاڵ ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان رۆژی چوارشەممە، 21ـی تەممووزی 2026، بۆ تاوتوێکردنی سێ پرس کۆدەبێتەوە، کە بریتین لە لێخۆشبوونی سەرپێچیی هاتووچۆ، مۆڵەتی بێ مووچە و قەرزی کارەبا. لە بڕگەی یەکەمی کارنامەکەدا ئەنجوومەنی وەزیران بڕیار لەسەر پێشنیازێکی وەزارەتی ناوخۆ دەدات بۆ درێژکردنەوەی ماوەی کارکردن بە بڕیاری پێشووی ئەنجوومەنەکە کە تایبەتە بە لێخۆشبوون لە سزای سەرپێچییەکانی هاتووچۆ تاوەکو 31-12-2026. تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە خستنەڕووی راپۆرتێکی هاوبەشی وەزارەتی کارەبا و وەزارەتی سامانە سروشتییەکانە سەبارەت بە دۆخی کارەبا و سووتەمەنی. لەم بڕگەیەدا بڕیار لەسەر پێشنیازێک دەدرێت بۆ پێدانی ئاسانکاری بە هاونیشتمانییان لە رێگەی داشکاندنی بڕێک لەو پارەیەی کارەبا کە لەسەریان کەڵەکە بووە. لە بڕگەی کۆتایی کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەسەر چەند راسپاردەیەکی سەرۆکایەتیی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران دەکرێت، کە تایبەتن بە رێکخستنەوەی مۆڵەتی بێ مووچەی فەرمانبەران لە هەرێمی کوردستان، کە پێشتر لە ساڵی 2015 رێسای بۆ دەرکرابوو. کۆبوونەوەکە کاژێر 10:00ـی بەیانی لە هۆڵی مامۆستا سەعد لە شاری هەولێر دەستپێدەکات. درێژکردنەوەی لێخۆشبوونی هاتووچۆ بەپێی نووسراوێکی فەرمیی وەزارەتی ناوخۆ بە واژۆی رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆ، کە بۆ سکرتارییەتی ئەنجوومەنی وەزیران نێردراوە، داوا کراوە ماوەی لێخۆشبوونی رێژەی 20% لە سزای سەرپێچییەکانی هاتووچۆ بۆ 6 مانگی دیکە درێژ بکرێتەوە. لە نووسراوەکەدا هاتووە کە داوا دەکرێت ئەم بڕیارە لە 01-07-2026 تاوەکو 31-12-2026 بەردەوام بێت، ئەوەش وەک کارئاسانییەک بۆ هاونیشتمانییان. رێکخستنەوەی مۆڵەتی بێ مووچە بەپێی بەڵگەنامەکانی سەرۆکایەتیی دیوان، حکومەت کار لەسەر رێکخستنەوەی رێنمایی ژمارە 4ـی ساڵی 2015 و رێنماییەکانی دواتر دەکات. بەپێی پێشنیازە نوێیەکان، فەرمانبەران دەتوانن بۆ 5 ساڵ مۆڵەتی بێ مووچە وەربگرن و بۆیان درێژ بکرێتەوە تاوەکو 10 ساڵ. هەروەها بۆ مامۆستا و پزیشک و دەرمانسازان تەنیا 2 ساڵ مۆڵەت رێگەپێدراوە. لە کۆبوونەوەکەی سبەیدا باس لەوە دەکرێت کە چۆن ئەم ماوەی مۆڵەتە بۆ خزمەتی فەرمانبەری ئەژمار بکرێت یان رێکارە یاساییەکانی لە کاتی خانەنشینبووندا چۆن بێت.
عێراق21-07-2026عەلی زەیدی هۆشداری دەدات؛ هەر وەزیرێک بەرپرسی گەندەڵ لە پۆستەکەی بهێڵێتەوە، بەرپرسیارێتییەکەی لە ئەستۆ دەگرێت
عێراق21-07-2026وردەکاریی سەردانی نوێنەرانی مامۆستایانی گرێبەست بۆ بەغدا و کۆبوونەوەیان لەگەڵ فراکسیۆنەکان