رووداو دیجیتاڵ داهاتی گومرگی عێراق زیاد کردووە. ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند: لیژنەکەیان بۆ زیادکردنی داهات بڕیاری داوە سەرجەم لێخۆشبوونە گومرگییەکان هەڵبووەشێنێتەوە. رۆژی سێشەممە، 21ـی تەممووزی 2026، لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق میوانداریی سامر قاسم، بەڕێوەبەری گشتیی دەستەی گومرگەکانی عێراقی کرد، بە مەبەستی تاوتوێکردنی رێکارەکانی زیادکردنی داهات. دیلان غەفوور، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند: بەڕێوەبەری گشتیی دەستەی گومرگەکانی عێراق ئاماژەی بەوە کرد، لە 6 مانگی رابردوودا 846 ملیار دینار لێخۆشبوونی گومرگی کراوە. ئەو پەرلەمانتارە باسی لەوە کرد: وەک هەنگاوێک بۆ پاراستنی سامانی گشتی و زیادکردنی داهات، لیژنەی دارایی پێشنیازێکی پەسەند کرد و بۆ پەرلەمانی بەرز دەکاتەوە بە مەبەستی هەڵوەشاندنەوەی سەرجەم ئەو لێخۆشبوونە گومرگییانەی کە بە یاسا یان بە بڕیاری حکومەت دراون و پێشنیازەکە لە پەرلەمان دەنگی لەسەر دەدرێت. بە هەڵوەشاندنەوەی، ئەو بڕە پارەیە بۆ گەنجینەی دەوڵەت دەگەڕێتەوە. لەبارەی داهاتی گومرگییەوە، دیلان غەفوور ئاماژەی بەوە کرد: سامر قاسم ئاماری ساڵانی رابردووی خستە روو کە نیشانی دەدات داهاتەکە رووی لە بەرزبوونەوە کردووە: -ساڵی 2023: داهات 800 ملیار دینار بوو. -ساڵی 2024: داهات بۆ 2 تریلیۆن و 145 ملیار دینار بەرز بووەوە. -ساڵی 2025: داهات گەیشتە 2 تریلیۆن و 600 ملیار دینار. بەم شێوەیە بە بەراورد بە ساڵی 2023، داهاتی گومرگی عێراق لە ساڵی 2025دا زیاتر لە 3 هێندە زیاد کردووە. سەبارەت بە هەرێمی کوردستان و سیستمی ئەلیکترۆنیی گومرگی (ئەسیکۆدا)، دیلان غەفوور گوتی: بەڕێوەبەری گشتیی دەستەی گومرگەکانی عێراق باسی ئەوەی کرد کە پێویستە لە سەرجەم دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان سیستمی ئەسیکۆدا وەک تەواوی عێراق جێبەجێ بکرێت. بە گوتەی دیلان غەفوور، ئێستا لە دەروازەی سنووریی ئیبراهیم خەلیلەوە دەرمان و خۆراک دەهێندرێت بێ ئەوەی لە بازگەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی عێراق گومرگ وەربگیرێتەوە و سامر قاسم گوتوویەتی: ئەگەر هەرێمی کوردستان سیستمی ئەسیکۆدا جێبەجێ بکات، ئەوکات هەمان میکانیزم لە سەرجەم دەروازەکانی هەرێمی کوردستان جێبەجێ دەکرێت.
عێراق21-07-2026وردەکاریی سەردانی نوێنەرانی مامۆستایانی گرێبەست بۆ بەغدا و کۆبوونەوەیان لەگەڵ فراکسیۆنەکان