رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی پەروەردەی عێراق ئەنجامی تاقیکردنەوەکانی خولی یەکەمی پۆلی 6ی ئامادەیی (زانستی و وێژەیی) بۆ ساڵی خوێندنی 2025-2026 راگەیاند و 275 قوتابی 100یان بەدەستهێناوە. بەڕێوەبەری خوێندنی کوردی لە کەرکووک دەڵێ، نیڤار بەختیار عادل لە خوێندنی کوردی لە کەرکووک لەسەر ئاستی عێراق یەکەمە و کۆنمرەی 100ی هێناوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 22ی تەممووزی 2026، عەبدولکەریم عەبتان، وەزیری پەروەردەی عێراق لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا ئەنجامی تاقیکردنەوەکانی خوێندنی ئامادەیی بۆ هەردوو بەشی زانستی و وێژەیی راگەیاند.
وەزیری پەروەردەی عێراق وردەکاریی نمرە بەرزەکانی سەر ئاستی عێراقی بەم شێوەیە خستەڕوو:
بەشی زانستی:
275 قوتابی 700یان بەدەستهێناوە (100٪ بێ نمرەی زیادکراو).
274 قوتابی کۆنمرەی 699یان بەدەستهێناوە.
3 قوتابی کۆنمرەی 698یان بەدەستهێناوە.
بەشی وێژەیی:
3 قوتابی 684یان بەدەستهێناوە و پلەی یەکەمیان گرتووە.
1 قوتابی کۆنمرەی 682ی بەدەستهێناوە.
2 قوتابی کۆنمرەی 680یان بەدەستهێناوە.
سەبارەت بە خوێندنی کوردی، کامەران عەلی حەسەن، بەڕێوەبەری خوێندنی کوردی لە کەرکووک، ئەمڕۆ چوارشەممە 22ی تەممووزی 2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "نیڤار بەختیار عادل لە خوێندنی کوردی لە کەرکووک لەسەر ئاستی عێراق یەکەمە و کۆنمرەی 100هێناوە."
بەڕێوەبەری خوێندنی کوردی لە کەرکووک گوتی: "نمرەی سەروو 99 زۆر هاتووە".
هەر لەوبارەوە ئاڵان حەمەسەعید، وەزیری پەروردەی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا پیرۆزبایی لە نیڤار بەختیار عادل لە ئامادەیی شیرین دەکات.
هەروەها وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستان پیرۆزبایی لە سەرجەم قوتابییانی دەرچووی خوێندنی کوردی لە کەرکووک دەکات و دەستخۆشی و سوپاسی بەڕێوەبەر و گشت مامۆستایان و سەرپەرشتیارانی خوێندنی کوردی لە کەرکووک دەکات.
لێرەوە ئەنجامەکان ببینە.



