رووداو دیجیتاڵ عێراق و ئێران رێککەوتنێک و سێ لێکتێگەیشتنیان واژۆ کرد، یەکێکیان بۆ راکێشانی هێڵی ئاسنە لە کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستانەوە بۆ بەغدا. رۆژی پێنجشەممە، 23ـی تەممووزی 2026، شاندی حکومەتی عێراق بە سەرۆکایەتیی عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیران، لە تاران لەگەڵ مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران و بەرپرسانی ئەو وڵاتە رێککەوتنێک و سێ لێکتێگەیشتنیان واژۆ کرد. رێککەوتنێک لەنێوان فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق و عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران واژۆ کرا بۆ گواستنەوەی وشکانی لەنێوان هەردوو وڵات. یاداشتێکی لێکتێگەیشتن لەنێوان ئەو دوو وەزیرە بۆ دامەزراندنی هێڵی ئاسنیی کرماشان - خوسرەوی - خانەقین - بەغدا واژۆ کرا. دوو یاداشتە لێکتێگەیشتنەکەی دیکە لەنێوان فالح ساری، وەزیری دارایی عێراق و عەلی مەدەنی زادە، وەزیری ئابووری و دارایی کۆماری ئیسلامیی ئێران واژۆ کران. یەکێکیان تایبەت بوو بە دەستەخوشکیی تاران و بەغدا، ئەوی دیکەیان تایبەت بوو بە کارگێڕیی حکومی و مەشق و سەرچاوە مرۆییەکان. بەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە، فالح زەیدی بە یاوەریی شاندێک کە ژمارەیەک لە وەزیرەکانی حکومەتەکەی بەشدار بوون، بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە تارانی پایتەختی کۆماری ئیسلامیی ئێران. لەدوای کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆککۆماری ئێران، عەلی فالح زەیدی رایگەیاند کە سەردانەکەیان لەپێناو تاوتوێکردنی ئەو پرسانەیە کە تایبەتن بە هەردوو وڵات و ناوچەکە. عەلی فالح زەیدی گوتی: "ئاسایشمان هاوبەشە و رێگە بە هیچ هەڕەشەیەک لە خاکی عێراقەوە دژ بە ئێران نادەین."
عێراق23-07-2026جەمال کۆچەر: وەزیری دارایی عێراق پێی گوتین پارەم نییە؛ عێراق لە دۆخێکی دارایی سەختدایە