رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی لێژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند: مافی خەڵکی هەرێمی کوردستانە هاوشێوەی ناوچەکانی عێراق بەنزین بە 450 دینار بکڕن، گوتیشی: "وەزیری دارایی عێراق هاتە پەرلەمان و پێی گوتین پارەم نییە؛ عێراق لە دۆخێکی دارایی سەختدایە."
د. جەمال کۆچەر، ئەندامی لێژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق، ئاماژەی بەوە کرد کە نرخی یەک لیتر بەنزین لە هەرێمی کوردستان گەیشتووەتە 850 دینار، لە کاتێکدا لە بەغدا بە 450 دینار دەفرۆشرێت. ئەو گوتی: "بۆچی ئەمە شتێکی نائاساییە، چونکە 50 هەزار بەرمیل بۆ هەرێمی کوردستان تەرخان کراوە. ئەگەر بڵێین تێچووی زیاترە، عێراق خۆی نەوتی رەش دەهێنێتە پاڵاوگەکانی کوردستان و دەیکات بە بەنزین و جارێکی دیکە دەینێرێتەوە بۆ ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی فیدراڵی."
ئەو ئەندامەی لێژنەی دارایی باسی لە هەوڵەکانیان کرد بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە و گوتی: "ئێمە بەدواداچوونمان کردووە. مافی خەڵکی هەرێمە نرخی بەنزین ببێتە 450 دینار. سەردانێکی وەزارەتی نەوتی عێراقمان کرد و پرسیاری سەرەکیمان ئەوە بوو کە چۆن هاووڵاتییانی ئێمەش وەک هاووڵاتییانی عێراق لەم هەنگاوەدا بەشدار بن. وەزارەت هیچ رێگرییەکی نەبوو و گوتی: رەزامەندیی سەرۆکوەزیرانی دەوێت. ئێمە لە هەوڵداین دوای ئەوەی سەرۆکوەزیران لە سەردانەکەی بۆ ئێران گەڕایەوە، بیبینین."
جەمال کۆچەر جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە جگە لە پرسی بەنزین، چەندین بابەتی دیکەی گرنگ هەن کە پەیوەستن بە ژیانی خەڵکەوە و پێویستە لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی نوێی عێراق باسیان لێوە بکرێت: "هەندێک بابەتی دیکەش هەن، وەک بابەتی مووچە، بابەتی خانەنشینان کە مووچەیان وەرنەگرتووە، بابەتی سێ یەکەمەکان، بابەتی گرێبەستەکان، بابەتی پارەی جووتیاران، بابەتی پارەی بەڵێندەران و چەندین بابەتی دیکە کە لەگەڵ سەرۆکوەزیران باسیان دەکەین."
ئەو پێی وایە حکومەتی نوێی عێراق دەیەوێت "لاپەڕەیەکی نوێ" هەڵبداتەوە و بە شێوازێکی جیاواز کار بکات، بۆیە دەبێت هەرێمی کوردستانیش لەم دەرفەتە نوێیەدا مافەکانی خۆی مسۆگەر بکات و هاووڵاتییانی لە ململانێ سیاسییەکان بەدوور بگیرێن.
سەبارەت بە کێشەی مووچە و رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا، جەمال کۆچەر ئاماژەی بە لێدوانەکانی وەزیری دارایی عێراق کرد و گوتی: "چەند جارێک وەزیر هاتە لامان، لەم هەفتەیەدا دوو جار هاتە لامان و هەردوو جار گوتی: 'هاوڕێیان، من هیچ پارەم نییە، نەک تەنیا بۆ ئێوە، بەڵکو بۆ عێراقیش.' بانکی ناوەندی هۆشداریی داوە و دەڵێت: 'ناتوانم زیاتر لەگەڵتان بێم.' نەختینەی زۆر لە بانکەکانی دیکەشدا نەماوە. داهات کەم بووە و دۆخەکە تەنانەت بۆ مووچەخۆرانی عێراقیش سەختە."
د. جەمال کۆچەر رەخنەی لە کەمبوونەوەی داهاتەکانی هەرێمی کوردستان گرت و بەراوردی کرد لەگەڵ داهاتی دەروازە سنوورییەکانی عێراق و گوتی: "دوێنێ بەرپرسانی دەروازە سنوورییەکانی عێراقمان هێنابوو. باشە، بۆچی داهاتی دەروازە سنوورییەکانی عێراق زیاد بووە و هی هەرێم کەم بووە؟ لە کاتێکدا شەڕ لەلای ئەوان بوو، داهاتی دەروازە سنوورییەکانیان زیاد بووە کە بەهۆی شەڕەوە، زۆرێک لە بازرگانەکان روویان کردووەتە کوردستان."

