رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی عێراق دەڵێ، کار دەکەن بۆ چالاککردن و دروستکردنەوەی (ئەنجوومەنی باڵای ئافرەتان) بە دیدگەیەکی نوێ، بە جۆرێک کە ببێتە چەترێکی یاسایی و جێبەجێکار بۆ بەرزکردنەوەی پێگەی ژنان لە وڵاتدا.
ئەمڕۆ شەممە، 25ی تەممووزی 2026 عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە (هەژدەمین کۆنفرانسی ئیسلامی بۆ بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژی دژی ئافرەتان) لە شاری بەغدا، گوتارێکی پێشکێشکرد و ئاماژەی بەوە کرد، لە بەرنامەی حکومەتەکەیدا بایەخێکی تایبەت بە ژن دراوە و گوتی: "شانازی دەکەین کە ئەمڕۆ ئافرەت لە هەموو دەسەڵاتە دەستوورییەکانی دەوڵەت ئامادەیی هەیە."
سەبارەت بە هەنگاوە نوێیەکانی حکومەت، سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند: "دەستمان کردووە بە رێکارەکانی دروستکردنەوەی ئەنجوومەنی باڵای ئافرەتان و چالاککردنی بە دیدگەیەکی نوێ بۆ ئەوەی ئامانجە بنچینەییەکانی بپێکێت و رۆڵی هەبێت لە گەشەپێدانی دۆخی ئافرەتی عێراقی."
سەرۆکوەزیرانی عێراق خۆڕاگریی ئافرەتانی عێراقی لە رووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەکان، بەتایبەتی لە کاتی شەڕی دژی داعش بەرزنرخاند و رایگەیاند، حکومەت کار دەکات بۆ رەخساندنی ژینگەیەکی ئارام کە رێگری لە هەر جۆرە سووکایەتییەک بەرامبەر بە ئافرەتان بکات، ئەوەش لە رێگەی یاسا و رێکاری تووندەوە.
عەلی زەیدی دووپاتی لەوە کردەوە کە پەرەپێدانی توانای زانستی ژنان و گەیشتنیان بە پێگە کاریگەرەکان، گرنگترین هەنگاوە بۆ پاراستنی مافەکانیان؛ هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە پاراستنی ژنان لە هەڕەشە بەرپرسیارێتییەکی هاوبەشی نێوان کۆمەڵگە، حکومەت و دەوڵەتە.


