رووداو دیجیتاڵ
3 پۆلیس لە پارێزگای بابل مامەڵەی تووندیان بەرامبەر سەوزەفرۆشێک کرد و وەزارەتی ناوخۆی عێراقیش رایگەیاند، پۆلیسەکان دەستگیرکراون.
دیمەنێکی ڤیدیۆیی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبووەتەوە کە تێیدا دەردەکەوێ ژمارەیەک پۆلیس لە پارێزگای بابل رێگری لە کاسبکاران و سەوزەفرۆشانی سەر رێگەکانی دەرەوەی شار دەکەن و هەوڵی دەستگیرکردنی یەکێکیان دەدەن. ئەوەش کاردانەوەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لێکەوتەوە.
سەرچاوەیەک لە پۆلیسی پارێزگای بابل، ئەمڕۆ شەممە، 25ی تەممووزی 2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، رووداوەکە رۆژی چوارشەممەی رابردوو لە ناوچەی کیش روویداوە، بەڵام دیمەنەکە رۆژی پێنجشەممە بەخێرایی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبووەوە.
ئەو سەرچاوەیە گوتی: "ئەوانە ژمارەیەک کاسبکار و سەوزەفرۆشن لەسەر رێگەی خێرا دەوەستن، زۆرجار گرفت بۆ شۆفێران دروست دەکەن و چەندین جار سکاڵایان لەسەر تۆمارکراوە. لەلایەن هێزەکانی پۆلیسی ناوچەکەشەوە چەندین جار ئاگادارکراونەتەوە، بەڵام گوێیان پێ نەداوە."
سەرچاوەکەی پۆلیس ئاماژەی بەوەش کرد، رۆژی چوارشەممە هێزێکی پۆلیس چوون بۆ دوورخستنەوەیان، بەڵام یەکێکیان نەچووە نێو ئۆتۆمبێلی پۆلیس، ئەوانیش هەوڵیان دا بەزۆر لەگەڵ خۆیان بیبەن. لەسەر رووداوەکەش سێ پۆلیس دەستبەسەرکراون و لیژنەی لێکۆڵینەوەیان لەسەر پێکهێنراوە.
هەر لەوبارەوە، وەزارەتی ناوخۆی عێراق بڵاویکردەوە، فەرمانی دەستبەسەرکردن بۆ ژمارەیەک کارمەندی پۆلیس لە پارێزگای بابل دەرکراوە، ئەوەش دوای بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆیەک کە تێیدا بە شێوەیەکی "نایاسایی" رێگرییان لە چەند فرۆشیارێکی سەر رێگەی دەرەکی کردووە.
وەزارەتی ناوخۆی عێراق ئاماژەی بەوە کرد: "بە سەرپەرشتیی فەرماندەی پۆلیسی بابل، ئەو کارمەندانەی پەیوەندیدار بوون بە رووداوەکە، راگیران و رەوانەی لێکۆڵینەوە کران. هیچ جۆرە کەمتەرخەمی و پێشێلکارییەک قبووڵ ناکرێ و یاسا بەسەر هەموواندا جێبەجێ دەکرێ."
سەبارەت بە فرۆشیارانی سەر رێگەکە، وەزارەتەکە دەڵێ، "کاسبیکردن و فرۆشتنی کەلوپەل لەسەر رێگەکانی دەرەوە کارێکی مەترسیدارە، چونکە دەبێتەهۆی دروستبوونی رووداوی هاتووچۆ و رێگری لە هاتووچۆی ئۆتۆمبێلەکان، بەڵام دەبێت مامەڵەی هێزە ئەمنییەکان لە چوارچێوەی یاسا و رێنماییەکاندا بێت."


