رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق دەستبەسەرداگرتنی 27 ملیار دیناری دیکەی لە دۆسیەی بریکاری پێشووی وەزیری نەوتی عێراق بۆ کاروباری پاڵاوتن راگەیاند.
ئەمڕۆ یەکشەممە 26-07-2026، دادوەری لێکۆڵینەوە لە دادگەی ناوەندیی تاوانەکانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵیی عێراق رایگەیاند، لە بەردەوامیی لێکۆڵینەوەکان لە دۆسیەی عەدنان جومەیلی، بریکاری پێشووی وەزیری نەوتی عێراق بۆ کاروباری پاڵاوتن کە ئێستا بە تۆمەتی گەندەڵی دەستبەسەرە، دەست بەسەر 27 ملیار دیناردا گیرا.
بەگوێرەی راگەیێندراوی دادگەکە، ئەو بڕە پارەیە لە لایەن چەند کەسێک شاردرابووەوە و دوای بەدواداچوونێکی ورد دەستی بەسەردا گیراوە.
دادگەی تاوانەکانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵیی عێراق دەڵێ، لێکۆڵینەوەکان بۆ گەیشتن بە سەرجەم ئەو کەس و لایەنانەی لەم دۆسیەیەدا تێوەگلاون، بەردەوامن.



