رووداو دیجیتاڵ
دەستەی دەستپاکیی عێراق هەڵوەشاندنەوەی باندێکی "مەترسیدار"ی ساختەکاری لە پارێزگای دیوانییە راگەیاند کە لە فەرمانبەر و پارێزەر پێکهاتووە. باندەکە لە رێگەی ساختەکردنی بەڵگەنامەکانەوە دەستی بەسەر زەویوزار، قەرزی بانکی و پارەی لیژنەی مادەی 140ـدا گرتووە.
دەستەی دەستپاکیی فیدراڵی رۆژی یەکشەممە 26ی تەممووزی 2026 رایگەیاند، تیمەکانیان لە پارێزگای دیوانییە توانیویانە باندێکی فراوان لەنێو فەرمانگەکانی شارەوانی، باری شارستانی، پاسپۆرت و نیشتەجێبوون ئاشکرا بکەن کە کاریان ساختەکاری و دەستبەسەرداگرتنی ماڵی گشتی بووە.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، تیمەکانی دەستپاکی 13 کەسیان دەستگیرکردووە کە تێوەگلاون لە رێکخستنی 243 مامەڵەی ساختەی وەرگرتنی قەرز لە 12 بانکی حکومی لە چەند پارێزگایەک؛ هەروەها باندەکە لە رێگەی پشتگیریی نیشتەجێبوونی ساختەوە 13 پارچە زەوییان بە ناوی کەسانێکەوە کردووە کە خەڵکی پارێزگاکە نین و شایستە نەبوون، جگە لەوەش وێنەی تۆماریان ساختە کردووە بۆ وەرگرتنی پارە لە لیژنەی مادەی 140.
لە هەڵمەتەکەدا دەستبەسەر زیاتر لە 600 پشتگیریی نیشتەجێبوون و وێنەی تۆماری ساختەدا گیراوە کە ئاراستەی فەرمانگەکانی شارەوانی، بانکەکان و فەرمانگەی خانەنشینی کرابوو. دەستەی دەستپاکی ئاماژەی بەوەش کردووە کە تۆمەتبارەکان تەنانەت ناسنامەی باری شارستانییان بۆ کەسانی مردوو و زیندوو بە ساختە دروستکردووە و "ڤیزەی ئەلیکترۆنی" و "بارکۆدی" وڵاتانی بیانیشیان ساختە کردووە.
کۆی گشتیی ئەو بەڵگەنامە ساختانەی دەستیان بەسەردا گیراوە زیاتر لە 1000 بەڵگەنامە بووە و بڕی ئەو زەوی و قەرزانەی باندەکە لە رێگەی ساختەکارییەوە مامەڵەیان پێوە کردووە، بە زیاتر لە 4 ملیار دینار دەخەمڵێندرێ.
دادوەری لێکۆڵینەوەی دیوانییە بڕیاری داوە دەست بەسەر ئەو زەوییانەدا بگیرێ کە لە رێگەی ساختەکارییەوە وەرگیراون و رێکارەکانی بەناوکردنان رابگیرێ، هەروەها تۆمەتبارەکان راگیراون و لێکۆڵینەوە بۆ ئاشکراکردنی تەواوی وردەکارییەکان بەردەوامە.



