رووداو دیجیتاڵ
سوپای عێراق دەڵێ، لە ئۆپەراسیۆنێکدا دەستیان بەسەر چەند بارهەڵگرێکدا گرت کە بڕێکی زۆر مادەی خۆراکی و پیشەسازی بە قاچاخ بەرەو پارێزگای دیالە دەگواستەوە.
عەقید حەیدەر محەممەداوی، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی هەواڵگریی سەربازی لە وەزارەتی بەرگریی عێراق، ئەمڕۆ یەکشەممە، 26ی تەممووزی 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکان بۆ پاراستنی ئاسایشی ئابووری و بەرەنگاربوونەوەی قاچاخچێتی، هێزەکانی هەواڵگری و ئەمنیی سەر بە فیرقەی یەکی پیادە، توانییان هەوڵێکی قاچاخکردنی بڕێکی زۆر لە مادەی خۆراکی و پیشەسازی بۆنێو پارێزگای دیالە پووچەڵ بکەنەوە."
عەقید حەیدەر محەممەداوی گوتی، "ئۆپەراسیۆنەکە دوای گەیشتنی زانیاریی وردی هەواڵگری بوو، کە ئاماژەیان بەوە دەکرد چەند بارهەڵگرێک لە پارێزگایەکی دیکەوە بە رێگەی نایاسایی و بەپێچەوانەی رێنماییەکانەوە دەیانەوێ بچنە نێو دیالە. دەستبەجێ هێزەکانمان بۆسەیان بۆ دانان و توانرا بارهەڵگرەکان و بارەکانیان دەستیان بەسەردا بگیرێ."
بەڕێوەبەری راگەیاندنی هەواڵگریی سەربازی ئاماژەی بەوەش کرد، سەرجەم بارهەڵگرەکان و بارەکانیان لەگەڵ شۆفێرەکانیاندا رادەستی لایەنە پەیوەندیدارەکان کراون بۆ ئەوەی رێکاری یاساییان بەرامبەر بگیرێتەبەر.



