رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی ئەنجوومەنی پارێزگای سەلاحەدین بە "تۆمەتی گەندەڵی" دەستگیر کرا و دوو سەرچاوە رایانگەیاند، خۆی رادەست کردووە.
رۆژی یەکشەممە، 26ـی تەممووزی 2026، تەلار جەلال، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سەلاحەدین، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، کامل عەباس ئەشرەف، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سەلاحەدین، خۆی رادەستی دەستەی دەستپاکیی کردووە و دەستگیر کراوە.
کامل عەباس ئەشرەف، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سەلاحەدینە لە هاوپەیمانیی عەزم بە سەرۆکایەتیی موسەننا سامەڕائی، کە ئەویش بە تۆمەتی گەندەڵی دەستگیر کراوە.
یاسین محەممەد عەلی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سەلاحەدین ئەمڕۆ یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "کامل عەباس ئەشرەف، لە 2022-2023 جێگری پارێزگاری سەلاحەدین بووە، دۆسیەیەکی گەندەڵی ئاشکرابووە کە بڕەکەی نزیکەی 400 ملیۆن دینارە و تێیدا پسوولە ساختەکراوە و پارەکە بە هەدەر دراوە، ئەویش نکۆڵی لێدەکات و دەڵێ بێئاگایە، لەسەر ئەو کەیسە دەستگیرکراوە و دەستەی دەستپاکی لێکۆڵینەوەی لەگەڵ دەکات."
ئەندامەکەی ئەنجوومەن ئاماژەی بەوەکرد، لە چەند رۆژی رابردوودا ژمارەیەک فەرمانبەری پارێزگای سەلاحەدین لەسەر ئەو کەیسە دەستگیرکراون.
سەرچاوەیەکی ئەمنی لە پارێزگای سەلاحەدین ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، پێشتر بە تۆمەتی گەندەڵی فەرمانی دەستگیرکردن بۆ کامل عەباس ئەشرەف دەرچووبوو و ئەمڕۆ خۆی رادەستی دەستەی دەستپاکی کردووە و دەستگیر کراوە.



