رووداو دیجیتاڵ حکومەتی عێراق لە رێگەی هەمواری یاسای رووبەڕووبوونەوەی بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە سزای ئەو تاوانانە دەکاتە دوو هێندە و بڕگەیەکی بۆ زیاد دەکات کە تایبەتە بە روودانی تاوانەکە لە دۆخی ململانێی چەکداریدا. پەرلەمانی عێراق لە 25ی تەممووزدا یەکەم هەمواری یاسای رووبەڕووبوونەوەی بازرگانیکردن بە مرۆڤی کرد، ئەوەش وەک هەنگاوی یەکەمی پەسندکردنی ئەو گۆڕانکارییانەی لەو یاسایەدا دەکرێن کە لە ساڵی 2012 دەرچوو. دۆخی بازرگانیکردن بە مرۆڤ لە حەوتەوە کراوەتە 11 دۆخ، کە سزای تۆمەتبارەکە دەگاتە بەندکردنی هەمیشەیی و پێبژاردنێک کە دەگاتە 25 ملیۆن دینار. یەکێک لەو بڕگانەی زیادکراوە ئەوەیە، ئەگەر تاوانی بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە لە کاتی ئاژاوەگێڕی، کارەسات یان ململانێی چەکداریدا ئەنجام بدرێ. سزای ئەو کەسانەی تۆڕی بازرگانیکردن بە مرۆڤەوەیان دروست کردووە یان گرێبەستێکیان بۆ ئەو مەبەستە کردووە و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیان بەکارهێناوە، لە سێ ساڵ بەندکردنەوە کراوەتە 10 ساڵ زیندانیکردن؛ هەروەها سزای پێبژاردنەکەی لە 20 ملیۆن دینارەوە کراوەتە 25 ملیۆن دینار. یەکێک لە هەموارەکانی دیکە تایبەتە بە تاوانی بەشداریکردنی کەسێک لە بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە کە بۆ بەرژەوەندیی بەرپرسێک ئەنجام درابێت، کە سزای پێبژاردنەکەی لە 25 ملیۆن دینارەوە کراوەتە 50 ملیۆن دینار. هەمواری دیکە ئەوەیە، کەسێک کە بەشدار بێت لە تاوانی بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە، ئەگەر لایەنە پەیوەندیدارەکانی لێ ئاگادار بکاتەوە، ئەو سزایەی لەسەر هەڵدەگیرێ کە لە یاساکەدا بۆی دیاریکراوە، هەروەها تاوانی بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە دەبێتە تاوانی ئابڕووبەرى کە پێشتر لە یاساکەدا نەبووە. سەلوان ئاکرەیی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەو هەموارە بۆ رێگرییە لە زیادبوونی تاوانەکانی بازرگانیکردن بە مرۆڤ، چونکە لە ماوەی رابردوودا ئەو دەقەی پێشتر لە یاساکەدا هەبووە، نەیتوانیوە بە تەواوی رێگری لەو تاوانە بکات، بۆیە سزاکانى زیادکراوە. بە گوتەی سەلوان ئاکرەیی، ئەگەر هەموارەکەش پەسند بکرێ، پێشبینی دەکەن 10%ی ئەو تاوانە بنبڕ نەکات. یەکێک لە خاڵەکانی دیکەی هەمواری یاساکە ئەوەیە، بەڕێوەبەرایەتییەک لە وەزارەتی ناوخۆ بە ناوی بنبڕکردنی بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە دروست بکرێت کە پێشتر نەبووە.