رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی بازرگانیی عێراق دەڵێ، قەبارەی بازرگانی نێوان وڵاتەکەی و تورکیا لە پێنج مانگی سەرەتای ئەم ساڵدا 3.7 ملیار دۆلار بووە.
محەممەد حەنوون، گوتەبێژی وەزارەتی بازرگانیی عێراق، رۆژی دووشەممە، 27ـی تەممووزی 2026، بە رووداوی راگەیاند: "تورکیا یەکێکە لە گرنگترین هاوبەشە بازرگانییەکانی عێراق. قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان هەردوو وڵات لە ساڵی 2025دا زیاتر لە 14.3 ملیار دۆلار بوو؛ لە پێنج مانگی سەرەتای ئەم ساڵیشدا قەبارەکە نزیکەی 3.7 ملیار دۆلار بوو".
محەممەد حەنوون قەبارەی بازرگانییەکە بە باش ناودەبات و دەڵێ، هێزی پەیوەندییەکان پیشان دەدات.
محەممەد حەنوون گوتی:"سەردانە فەرمییەکەی عەلی زەیدی بۆ ئەنقەرە هەنگاوێکی ستراتیژییە بۆ فراوانکردنی هاوبەشیی ئابووری نێوان هەردوولا".
بەگوتەی محەممەد حەنوون، لە کۆبوونەوەکانی ئەنقەرەدا باس لە چەندین دۆسیەی سەرەکی دەکرێ، لەوانە بەرزکردنەوەی ئاستی ئاڵوگۆڕی بازرگانی؛ چارەسەرکردنی ئاستەنگەکانی بەردەم جووڵەی کاڵاکان لە دەروازە سنوورییەکان؛ پەرەپێدانی وەبەرهێنان، پیشەسازی و چالاککردنی لیژنەی ئابووری و بازرگانیی هاوبەش (JETCO) بۆ دەستەبەرکردنی بەرژەوەندیی هەردوو وڵات.
محەممەد حەنوون ئاماژەی بەوەش کرد، وەزارەتی بازرگانی بە سەرپەرشتیی مستەفا عانی، وەزیری بازرگانیی عێڕاق کار دەکات بۆ ئەوەی کاڵای عێراقی لە بازاڕەکانی تورکیادا جێگەی ببێتەوە و هاوسەنگی لە تەرازووی بازرگانیدا دروست بێت؛ گوتیشی: "ئەم هاوبەشییە تەنیا بازرگانی ناگرێتەوە، بەڵکو بوارەکانی گواستنەوە، ناوچەی پیشەسازی و وەبەرهێنانیش دەگرێتەوە کە رەنگدانەوەی ئەرێنی لەسەر ئابووریی نیشتمانی دەبێت."
گوتەبێژی وەزارەتی بازرگانی باسی لەوە کرد، بە رێنمایی سەرۆکوەزیرانی عێراق بەردەوام دەبن لە کارکردن لەگەڵ لایەنی تورکیا بۆ گۆڕینی ئەنجامەکانی ئەم سەردانە بۆ دۆخی راستی لە رێگەی رێککەوتنامەی کردەییەوە کە خزمەت بە بەرژەوەندیی هەردوو وڵات بکات.


