رووداو دیجیتاڵ
پۆلیسی دیالە، تەرمی هاووڵاتییەکیان لە ناو بیرێکی ئاودا دۆزییەوە لەلایەن دوو کەسەوە بە فێڵی نانی ئێوارە بانگهێشت کرابوو و دواتر بەهۆی کێشەی پارەوە کوشتبوویان.
هەیسەم شەممەری، گوتەبێژی پۆلیسی دیالە، رۆژی سێشەممە، 28ـی تەممووزی 2026، بە رووداوی راگەیاند، دوای ئەوەی هەواڵی ونبوونی هاووڵاتییەکی ناحیەی جەبارەیان پێگەیشتووە کە لە ئێوارەی رۆژی دووشەممەوە (27ـی تەممووز) دیار نەمابوو، تیمەکانیان دەستیان بە گەڕان کردووە و توانیویانە تەرمەکەی بدۆزنەوە.
یەکێک لە بکوژەکان مەلایە
گوتەبێژی پۆلیسی دیالە ئاماژەی بەوە کرد، تەرمەکە لە ناو بیرێکی ئاودا لە شوێنێکی دوورەدەست و چۆڵ دۆزراوەتەوە. هەروەها دوو کەس بە تۆمەتی کوشتنی ئەو هاووڵاتییە دەستگیرکراون و دانیان بە تاوانەکەیاندا ناوە. دەشڵێت:" یەکێک لە تۆمەتبارەکان مەلای مزگەوتی گەڕەکەکەیە".
هەیسەم شەممەری راشیگەیاند، تۆمەتبارەکان لە کاتی لێکۆڵینەوەدا گوتوویانە کێشەی پارە لە نێوانیاندا هەبووە، هەربۆیە بە بە بیانووی "داوەتکردن بۆ نانی ئێوارە" بانگهێشتیان کردووە و دواتر کوشتوویانە و تەرمەکەیان لە ناو بیرەکەدا شاردووەتەوە.
پۆلیسی دیالە دەڵێ، رێکارە یاساییەکان بەرامبەر تۆمەتبارەکان گیراونەتەبەر و رەوانەی دادگە کراون بۆ سەپاندنی سزای یاسایی.


