رووداو دیجیتاڵ
محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پارتی تەقەدووم بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان و لەلایەن ژمارەیەک لە بەرپرسانی باڵای پارتی دیموکراتی کوردستان و حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە پێشوازی لێکرا.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 30-07-2026، محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پارتی تەقەدووم گەیشتە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر. لە فڕۆکەخانە لەلایەن هۆشیار زێباری، کارگێڕی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان؛ پشتیوان سادق، بەرپرسی مەکتەبی رێکخستنی پارتی لە هەولێر، رێبەر ئەحمەد، ئەندامی کۆمیتەی پارتی و ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و فەرهاد ئەترووشی، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق پێشوازی لێکرا.
هەریەک لە خالید بەتال، محەممەد تەمیم و عەبدولکەریم عەبتان، یاوەری حەلبووسی دەکەن لەم سەردانەدا.
بڕیارە حەلبووسی لەم سەردانەیدا لەگەڵ سەرۆک مەسعود بارزانی و مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆببێتەوە بۆ تاوتوێکردنی دوایین پەرەسەندنە سیاسییەکانی عێراق و ناوچەکە.
ئەم سەردانەی حەلبووسی بۆ هەولێر لە کاتێکدایە، کە ماوەیەک بوو بەتایبەتی لە پێش هەڵبژاردنی سەرۆکی نوێی پەرلەمانی عێراقەوە گرژی و ئاڵۆزی لە پەیوەندییەکانی نێوان پارتی و تەقەدووم دروستبوو، بەڵام دوای سەردانی هەریەک لە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا و کۆبوونەوەیان لەگەڵ حەلبووسی، پەیوەندییەکان بەرەو ئاساییبوونەوە چوون.

