رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی حکومەتی عێراق دەڵێ، هیچ مۆڵەتێکیان بۆ ئەنجامدانی هێرش لەنێو خاکی عێراق نەداوە و لە ئەنجامی بۆردوومانەکانی ئەم دواییەشەوە سەردانی سەرۆکوەزیران بۆ سعودیە هەڵپەسێردراوە.
حەیدەر عەبوودی، گوتەبێژی حکومەتی عێراق رایگەیاند، ئەو هێرشانەی لەلایەن هێزی ئاسمانیی ئەمریکا و سعودیەوە کرانە سەر حەوت پارێزگای عێراق، بارەگاکانی حەشدی شەعبییان کردە ئامانج و لە ئەنجامدا 18 کەس کوژران و 20ی دیکەش بریندار بوون.
بەرەبەیانی رۆژی چوارشەممە 29ی تەممووزی 2026 سعودیە بە هاوئاهەنگیی ئەمریکا ژمارەیەک هێرشی کردە سەر بنکە و بارەگاکانی حەشدی شەعبی.
گوتەبێژی حکومەتی عێراق دەڵێ: "ئەنجوومەنی وەزاری بۆ ئاسایشی نیشتمانی هێرشەکەی سەرکۆنە کرد، چونکە بەزاندنی سەروەریی نیشتمانییە. حکومەت مۆڵەتی بە هیچ لایەنێک نەداوە هێرش بکاتە سەر هیچ گرووپێک لەنێو خاکی عێراق."
سەبارەت بە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ریاز، حەیدەر عەبوودی گوتی: "حکومەتی عێراق داوای لە سعودیە کردووە بەڵگەکانی لەسەر ئەو تۆمەتانە پێشکێش بکات کە دەڵێت هێرشی کراوەتە سەر، بەڵام لیژنە لێکۆڵینەوەکانمان هیچ بەڵگەیەکیان دەستنەکەوتووە؛ هەروەها بڕیاردراوە سەردانی سەرۆکوەزیران بۆ سعودیە هەڵپەسێردرێ."
لە دۆسیەی ئابووریدا، گوتەبێژی حکومەتی عێراق هۆشداری دا لە کاریگەریی کێشەکانی ناوچەکە و ئاماژەی بەوە کرد: "داخرانی تەنگەی هورمز کاریگەریی لەسەر بودجە هەبووە، بەڵام حکومەت پابەندە بە دابینکردنی مووچە. ئەگەر قەیرانی هورمز بەردەوام بێت، پەنا بۆ قەرزی نێوخۆیی و دەرەکی دەبەین بۆ دابینکردنی مووچەی فەرمانبەران."
هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە ئێستا بەندەری جەیهانی تورکیا ئارامترین رێگەیە بۆ هەناردەکردنی نەوتی عێراق و لەگەڵ لایەنی تورکیش خەریکی ئامادەکردنی لێکۆڵینەوە و رێککەوتنی ستراتیژین بۆ پڕۆژەی (رێگەی گەشەپێدان) و هەناردەی نەوت.
حەیدەر عەبوودی دووپاتی کردەوە کە عێراق نابێتە لایەن لە هیچ شەڕێکی ناوچەیی و رێگەش نادات خاکەکەی بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتانی دراوسێ بەکاربهێندرێ، چونکە وەک خۆی دەڵێت، "عێراق وڵاتێکە زۆرترین زیانی لە شەڕەکان بەرکەوتووە و دەیەوێت سیاسەتێکی هاوسەنگ پەیڕەو بکات."
