رووداو دیجیتاڵ دەستەی دەسپاکیی فیدراڵیی عێراق، نزیکەی 30 فەرمانی دەستگیرکردن و پشکنینی بۆ بەرپرس، فەرمانبەر و بەڵێندەرانی پارێزگای دیوانییە دەرچووە، کە تێیاندا بەڕێوەبەری ئێستا و پێنج بەڕێوەبەری پێشووی شارەوانیی شارەکە هەن. رۆژی پێنجشەممە، 30ـی تەممووزی 2026، دەستەی دەسپاکیی عێراق لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، تیمێکی نووسینگەی لێکۆڵینەوەی دیوانییە توانییان باندێکی گەورەی گەندەڵی هەڵوەشێننەوە کە تۆمەتبارن بە وەرگرتنی بەرتیل، وەرگرتنی قازانجی نایاسایی لە گرێبەستەکان و هەدەردانی سامانی گشتی لە بەڕێوەبەرایەتیی شارەوانیی دیوانییە. بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، فەرمانی دەستگیرکردن بۆ 30 تۆمەتبار دەرچووە، کە دیارترینیان بریتین لە: بەڕێوەبەری ئێستای شارەوانیی دیوانییە، پێنج بەڕێوەبەری پێشووی هەمان فەرمانگە، شەش بەرپرسی بەشەکانی ژمێریاری و وردبینی، لەگەڵ بەڕێوەبەری ئێستای ژمێریاریی پارێزگاکە. دەستەی دەسپاکی ئاماژەی بەوە کردووە، تاوەکو ئێستا بە هاوئاهەنگی لەگەڵ "شانەی هەڵۆکانی هەواڵگری"، 15 فەرمانبەر و سێ بەڵێندەر دەستگیرکراون. ئەم تۆمەتبارانە پێداویستیی شارەوانیان بە نرخێکی زۆر بەرزتر لە بازاڕ کڕیوە. جگە لەوەی پسوولەی خەیاڵی و پرۆژەی وەهمیان هەبووە. لە کاتی ئۆپەراسیۆنەکەدا، دەست بەسەر بڕێکی زۆر بەڵگەنامەی خەرجکردندا گیراوە کە بڕەکەی زیاتر لە 9 ملیار دینارە. هەروەها تیمەکەی دەستپاکی دەستی بەسەر چەندین مۆری ساختەی فەرمانبەرانی وردبینی، ژمێریاری و لیژنەکانی کڕیندا گرتووە، لەگەڵ چەندین ئۆتۆمبێلی گرانبەها و بڕێکی زۆر پارەی کاش. دادوەری لێکۆڵینەوەی دەستپاکیی عێراق بڕیاریداوە تۆمەتبارە دەستگیرکراوەکان رابگیرێن، هاوکات بڕیاری "قەدەخەکردنی گەشتکردن" بۆ چەند ئەندامێکی ئەنجوومەنی پارێزگای دیوانییە دەرکراوە کە پەیوەندییان بە تۆمەتبارەکانەوە هەبووە. ئەم ئۆپەراسیۆنە بەشێکە لە زنجیرە هەڵمەتە چڕەکانی دەستەی دەستپاکی عێراق، کە بە "هەڵمەتی بەرەبەیان" دەستیپێکردووە و تاوەکو ئێستاش بەردەوامە.
عێراق30-07-2026گوتەبێژی حکومەتی عێراق: قەیرانی تەنگەی هورمز بەردەوام بێ، قەرز بۆ دابینکردنی مووچە دەکەین