رووداو دیجیتاڵ
راوێژکاری دارایی سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، ئێستا هیچ بڕیارێکی فەرمی بۆ لابردنی سفرەکان لەسەر دراوی عێراقی نییە. هەروەها گوتی، بەهۆی جەنگەوە عێراق 85%ـی داهاتی نەوتی لەدەستداوە، بەڵام یەدەگی دراو و زێڕ سەقامگیرییان پاراستووە.
رۆژی پێنجشەممە 30ی تەممووزی 2026، موزهەر محەممەد ساڵح، راوێژکاری دارایی سەرۆکوەزیرانی عێراق لەبارەی دەنگۆی گۆڕانکاری لە دراوی عێراق و لابردنی سفرەکانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند: "هیچ بڕیارێکی فەرمی نییە. ئەمە رێکارێکی تەکنیکیی وردە و پێویستی بە بارودۆخێکی ئابووریی گونجاو و ئامادەکاریی بەرفراوان هەیە لە سیستمە بانکییەکاندا."
سەبارەت بە دۆلار و بازاڕی دراو، راوێژکارەکەی عەلی زەیدی ئاماژەی بەوە کرد، عێراق خاوەنی یەدەگێکی بەهێزە، بەڵام رووداوە سیاسییەکان کاریگەرییان هەبووە و گوتی: "جەنگ عێراقی لە 80% بۆ 85%ـی داهاتەکانی بە دراوی بیانی بێبەش کردووە."
موزهەر محەممەد ساڵح، دڵنیایی دایە فەرمانبەران و مووچەخۆران و گوتی: "هیچ کێشەیەک لە بەردەستبوونی نەختینە بۆ مووچە نییە. بانکی ناوەندی و حکومەت توانای تەواویان هەیە پابەندییە داراییەکانیان بەرامبەر بە فەرمانبەران، خانەنشینان و تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتی جێبەجێ بکەن. ئەو گوشارانەی هەندێکجار دەبینرێن تەنیا پەیوەستن بە بەرێوەبردنی کاش و کاتیین، نەک قەیرانی دارایی."
راوێژکارەکەی سەرۆکوەزیرانی عێراقئاماژەی بەوە کرد، سەرەڕای ئەوەی هەناردەی نەوتی عێراق بەهۆی تەنگژەی تەنگەی هورمزەوە بۆ 10%ـی ئاستی جارانی دابەزیوە، بەڵام یەدەگی دراو و زێڕ وەک قەڵغانێکی بەهێز پارێزگارییان لە بەهای دینار و سەقامگیریی بازاڕ کردووە.

