رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق ئاماری تاوانەکانی مانگی حوزەیرانی رابردووی بڵاوکردەوە؛ بەپێی ئامارەکان، تەنیا لەو مانگەدا 209 دۆسیەی بازرگانی بە مرۆڤ و 18 رووداوی خۆکوشتن لە پارێزگاکان تۆمارکراون.
ئەنجوومەنی باڵای دادوەری لە راگەیێندراوێکدا ئاماری تاوانەکانی بازرگانیکردن بە مرۆڤ، پێشێلکاریی یاسای نیشتەجێبوونی بیانییەکان و رووداوەکانی خۆکوشتنی لە مانگی حوزەیرانی 2026ـی بڵاوکردەوە.
بەگوێرەی ئامارەکان، دادگەکانی تێهەڵچوونەوەی عێراق 209 داوای یاسایی تایبەت بە بازرگانیی بە مرۆڤیان تۆمارکردووە. پارێزگای بەسرە بە تۆمارکردنی 87 دۆسیە لە پلەی یەکەمدایە، بەدوای ئەویشدا دادگەی کەرخ لە بەغدا بە 22 دۆسیە و پارێزگای زیقار بە 20 دۆسیە دێن.
ئامارەکانی دادگە ئاماژە بەوە دەکەن کە لە مانگی حوزەیراندا 18 رووداوی خۆکوشتن تۆمارکراون. پارێزگای نەینەوا بە 5 حاڵەت بەرزترین رێژەی خۆکوشتنی تێدا بووە، دوای ئەویش پارێزگای واست بە 4 حاڵەت دێت. هەریەک لە بەسرە و زیقار 3 حاڵەتیان تێدا تۆمارکراوە، پارێزگاکانی کەرکووک، میسان و قادسیەش تەنیا یەک رووداوی خۆکوشتنیان تێدا تۆمارکراوە.
سەبارەت بە پێشێلکردنی یاسای نیشتەجێبوونی بیانییەکان، 233 داوا لە دادگەکان تۆمارکراون. دادگەی رەسافە لە بەغدا بە 122 دۆسیە لە پلەی یەکەمدایە، دواتر کەرکووک بە 41 دۆسیە و پارێزگای دیوانیە بە 19 دۆسیە دێن.
ئەم یاسایە ئەو بیانییانە دەگرێتەوە کە بەشێوەیەکی نایاسایی بێنە نێو عێراقەوە لە رێگەی دەروازە سنوورییە نافەرمییەکانەوە، هەروەها هاتنەوەی ژوورەوەی بیانیی بەشێوەیەکی یاسایی و ماوەی رێگەپێدراوی نیشتەجێبوونی تێپەڕاندووە بەبێ نوێکردنەوە، یان سەرپێچی لە مەبەستی ڤیزاکەی کردووە.

