رووداو - ديجيتاڵ وەزیری نەوتی عێراق سەردانی تورکیا دەکات، ئەوەش بۆ واژۆی رێککەوتنی گواستنەوەی نەوتی خاو لە رێگەی ئەو وڵاتەوە. شەممە یەکی ئابی 2026، وەزارەتی نەوتی عێراق لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوەداکە باسم محەممەد عەبادی، وەزیری نەوت شەممە بە سەرۆکایەتیی شاندێک بەرەو تورکیا بەڕێدەکەوێت. بەگوێرەی وەزارەتەکە، لەو سەردانەدا وەزیری نەوت رێککەوتنی تایبەت بە هەناردە و بارکردنی نەوتی خاو لە رێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە واژۆ دەکات. 26ی تەممووز ئەو رێککەوتنە کۆتایی هات کە لە نێوان عێراق و تورکیا لەبارەی هەناردەی نەوت هەبوو؛ رێککەوتنەکە لە ساڵی 1973 واژۆ کرا و چەند جارێکی نوێ کراوەتەوە. مانگی حوزەیرانی 2025، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا بڕیاری دا کە رێککەوتنەکە درێژ نەکاتەوە، ئەوەش ساڵێک پێش کۆتایی هاتنی رێککەوتنەکە بوو. تورکیا داوای کرد کە رێککەوتنێکی نوێ بکرێ و پاکێجێکى پێشکێش کرد. عێراقیش پێشنیازی ئەوەبوو بۆ ساڵێک ئەو رێککەوتنە درێژ بکرێتەوە تاوەکو لەبارەی هەناردەی نەوت دەگەنە رێککەوتنى کۆتایی . بەهۆی دۆخی جەنگ لە ناوچەکە، کێشە بۆ هەناردەی نەوتی عێراق لە رێگەی تەنگەی هۆرمز دروستبووە، بۆیە پەنای بۆ هەناردەی نەوت لە رێگەی بۆریی هەرێمی کوردستان بە ئاراستەی بەندەری جەیهانی تورکیا بردووە. بەگوێرەی ئاماری وەزارەتی نەوتی عێراق، لە هەردوو مانگی ئایار و حوزەیران 10.3 ملیۆن بەرمیل نەوت لە رێگەی بەندەری جەیهانەوە هەناردەکراوە کە 1.5 ملیۆن بەرمیلی لە نەوتی هەرێمی کوردستان بووە.
عێراق01-08-2026وەزارەتى ناوخۆى عێراق بۆ رووداو: 2500 کامێراى چاودێرى بۆ پارستنى چلەى ئیمام حوسێن دانراوە