رووداو دیجیتاڵ
باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا و کۆنسوڵخانەی گشتیی ئەو وڵاتە لە هەولێر، "هۆشدارییەکی ئەمنی"ی بەپەلەیان بۆ هاووڵاتییە ئەمریکییەکانی نێو عێراق و هەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە و داوایان لێدەکەن ئامادە بن بۆ جێهێشتنی ناوچەکە.
لە راگەیێندراوەکەدا کە رۆژی شەممە، 1ـی ئابی 2026، بڵاوکراوەتەوە، هاتووە: "بەهۆی زیادبوونی گرژییەکان لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، ژینگەی ئەمنی بە ئاڵۆزی دەمێنێتەوە و ئەگەری هەیە ململانێکان بەشێوەیەکی چاوەڕواننەکراو پەرەبستێنن."
هەردوو نوێنەرایەتییە دیپلۆماسییەکەی ئەمریکا داوا لە هاووڵاتییانیان دەکەن کە ئێستا لە ناوچەکەدان، زۆر وریابن و چاوکراوەتر بن. هەروەها هۆشدارییان پێدەدەن کە "خۆیان ئامادە بکەن بۆ ئەگەری هەڵوەشاندنەوەی گەشتە ئاسمانییەکان، داخرانی ناوبەناوی ئاسمانی وڵاتان و تێکچوونی بەرنامەی گەشتەکانیان."
لە بەشێکی دیکەی هۆشدارییەکەدا بە روونی هاتووە: "پێویستە ئەمریکییەکانی ناوچەکە بیر لە جێهێشتن و رۆیشتن بکەنەوە، یان لانیکەم ئامادە بن بۆ رۆیشتن ئەگەر دۆخەکە ئاڵۆزتر بوو."
باڵیۆزخانەی ئەمریکا روونیشیکردووەتەوە کە هەندێک لە هێڵە ئاسمانییەکانی ناوچەکە دەستپێکردنەوەی گەشتەکانیان دواخستووە و هەندێکی دیکەشیان بەتەواوی گەشتەکانیان بۆ چەندین شوێن هەڵوەشاندووەتەوە. هەر بۆیە داوا لە هاووڵاتییانیان دەکەن بەر لە چوونە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا (و فڕۆکەخانەکانی دیکە)، راستەوخۆ لەگەڵ هێڵە ئاسمانییەکان پەیوەندی بکەن بۆ دڵنیابوون لە گەشتەکانیان.



