رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبوونەوەیەکی نائاسایی بۆ تاوتوێکردنی بارودۆخی ئەمنی دەکات؛ ئەمەش دوای ئەوە دێت کە سێ وڵاتی دراوسێ هۆشدارییان داوەتە بەغدا، ئەگەر گرووپە چەکدارەکان هێرشبکەنە سەر، ئەوا بە هێرشی ئاسمانی وەڵامیان دەدەنەوە.
رۆژی شەممە، 1ـی ئابی 2026، عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، سەرپەرشتیی کۆبوونەوەیەکی نائاسایی و بەپەلەی کرد. کۆبوونەوەکە دوای پێشهاتە ئەمنییەکانی ناوچەکە و گەیشتنی پەیامی هۆشداریی تووند دێت لە وڵاتانی دراوسێوە.
سەرچاوەیەکی ئەمنیی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، هەریەکە لە ئوردن، کوێت و سووریا بەفەرمی حکومەتی عێراقیان ئاگادارکردووەتەوە، "ئەگەر گرووپە چەکدارەکانی عێراق هێرشبکەنە سەریان، ئەوا ئەوانیش بە هێرشی ئاسمانی وەڵامیان دەدەنەوە."
بەگوێرەی زانیارییەکانی ئەو سەرچاوەیە بۆ رووداو، ئەو سێ وڵاتە هۆشداریی تووندیان داوە کە لە ئەگەری هەر هێرشێکدا، بنکەکانی حەشدی شەعبی و گرووپە چەکدارەکان لە ناوخۆی عێراق دەکەنە ئامانج.
نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیران بڵاویکردەوە، عەلی زەیدی لە کۆبوونەوەکەدا جەختی لە "قەدەخەکردنی هەر جۆرە هەڕەشەیەک" کردووەتەوە کە لە خاکی عێراقەوە ئاراستەی وڵاتانی دراوسێ بکرێت.
زەیدی فەرمانیداوە بە پێکهێنانی "لیژنەیەکی ئەمنیی هاوبەش" بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئاڵەنگارییە ئەمنییەکان و دانانی میکانیزمی تووند کە رێگریبکات لە بەکارهێنانی خاکی عێراق وەک "رێڕەو یان سەرچاوەی هێرش" بۆ سەر وڵاتانی دراوسێ. هەروەها دەزگا ئەمنییەکانی راسپاردووە کە بەرپرسیاریێتیی خۆیان لە "پاراستنی سەروەری و دراوسێیەتی باش" جێبەجێبکەن.
جووڵەی دیپلۆماسی بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە
سەرچاوە ئەمنییەکەی عێراق بۆ رووداو ئاشکرایکرد، ئێستا حکومەتی عێراق لەرێگەی تیمە دیپلۆماسییەکانییەوە خەریکی گفتوگۆی چڕە لەگەڵ هەریەکە لە ئوردن، کوێت و سووریا.
بەگوتەی سەرچاوەکە، بەغدا دەیەوێت ئەو سێ وڵاتە دڵنیابکاتەوە و بەڵێنی پێداون، "هەموو هەوڵێک دەدات بۆ رێگریکردن لە هەر هێرشێک بۆ سەر خاکەکانیان" لەپێناو پاراستنی سەقامگیریی ناوچەکە و رێگریکردن لە فراوانبوونی ململانێکان.
بەیانیی رۆژی چوارشەممە، 29ـی تەممووزی 2026، بە تۆمەتی ئەوەی کە لە خاکی عێراقەوە بە درۆن هێرشکراوەتە سەر وڵاتەکەیان، وەزارەتی بەرگریی سعودیە رایگەیاند، بە هاوئاهەنگیی ئەمریکا، ژمارەیەک هێرشی ئاسمانییان کردووەتە سەر بنکە و بارەگاکانی حەشدی شەعبی.
بەهۆی ئەو هێرشە هاوبەشەوە، 18 چەکداری حەشدی شەعبی کوژران و 20ـی دیکە برینداربوون.


