رووداو دیجیتاڵ
بۆردومانکردنی بارەگاکانی حەشدی شەعبی لەلایەن سعودیە - ئەمریکا، پەیوەندییەکانی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیران و بەرەی مقاوەمەی ئیسلامی گەیاندووەتە بنبەست. بەپێی زانیارییەکانی رووداو، زەیدی هەڕەشەی دەستلەکارکێشانەوەی کردووە ئەگەر گروپە چەکدارەکان پابەندی بڕیارەکانی حکومەت نەبن بۆ بێدەنگکردنی چەکەکانیان.
دوای تێپەڕبوونی ماوەیەکی کەم بەسەر بۆردومانەکاندا، گرژییە سیاسییەکان لە بەغدا گەیشتوونەتە لووتکە. پەرلەمانی عێراق لەبەردەم ئەگەر کۆبوونەوەیەکی نائاساییدایە، ئەوەش دوای ئەوەی زیاتر لە 100 پەرلەمانتار واژۆیان کۆکردووەتەوە بۆ بانگهێشتکردنی بەرپرسە باڵاکانی ئەمنی و سیاسی بۆ ناو پەرلەمان.
پێداچوونەوە بە پەیوەندییەکان لەگەڵ ئەمریکا
هێزە سیاسییەکانی ناو چوارچێوەی هاوئاهەنگی، بە توندی دژی بۆردومانەکان وەستاونەتەوە. مەحموود شاکر، پەرلەمانتاری رێکخراوی بەدر لەو بارەیەوە رایگەیاند: "ئەم دەستدرێژیانە بەتەواوی رەتکراوەن. ئەرکی ئێمەیە وەکو لایەنە پشتیوانەکانی حکومەت، هەڵوێستێکی روونمان هەبێت بۆ پاراستنی سەروەریی عێراق و پێویستە چاو بە پەیوەندییە دبلۆماسییەکانمان لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا بخشێنینەوە."
چەکی مقاوەمە"هێڵی سوورە"
لە بەرامبەر گوشارەکانی حکومەت بۆ کۆنترۆڵکردنی چەک، بەرەی مقاوەمەی ئیسلامی سوورن لەسەر هێشتنەوەی هێزەکانیان. حسێن موسەوی، جێگری ئەمینداری بزوتنەوەی نوجەبا دەڵێت: "چەکی مقاوەمە گەرەنتییە بۆ یەکپارچەیی و پاراستنی دەستکەوتەکانی گەلی عێراق، بۆیە چەکەکانمان هێڵی سوورن و نابینە بەشێک لەو ئەجێندا دەرەکییانەی ئەمریکا دەیەوێت بەسەر عێراقدا بسەپێنێت."
هاوکات، گومانەکان لەسەر هەماهەنگییەکانی ناوخۆی حکومەت زیاتر بوون. حسێن شێحانی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی ئەسایب ئەهلی حەق ئاماژە بەوە دەکات دەنگۆیەک هەیە "سەرۆکوەزیران زانیاری پێشوەختەی لەسەر بۆردومانەکان هەبووە و سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی ئاگادار کردووەتەوە، بەڵام هیچ رێکارێک نەگیراوەتەبەر." شێحانی رەخنەی توندیش لە دبلۆماسییەتی عێراق دەگرێت و دەڵێت: "تائێستا هیچ هەوڵێک بۆ تۆمارکردنی سکاڵا یان بانگهێشتکردنی باڵیۆزی سعودیە نەدراوە."
هەڕەشەی دەستلەکارکێشانەوە
تەنیا دوو مانگ لەو وادەیە ماوە بۆ رادەستکردنی چەکەکانی مقاوەمەی ئیسلامی دیاریکراوە. بەپێی زانیارییەکانی رووداو کە لە زاری بەرپرسانی ئاگادارەوە دەستی کەوتووە، عەلی زەیدی بە فەرمی بە لایەنەکانی ناو "چوارچێوەی هاوئاهەنگی" راگەیاندووە؛ ئەگەر پابەندی بڕیارەکان نەبن بۆ بێدەنگکردنی چەکەکان و رادەستکردنیان بە دەوڵەت، ئەوا لە پۆستەکەی دەست دەکێشێتەوە.
عەلی زەیدی لە ناوخۆدا خەریکی هەڵمەتێکی فراوانە بۆ دەستگیرکردنی گەندەڵکاران و لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش دەیەوێت وێنەیەکی نوێ بۆ پەیوەندییەکانی عێراق دابڕێژێتەوە، ئێستا لەبەردەم گەورەترین ئاستەنگدایە،ئەویش بوونی هێزی چەکدارە لە دەرەوەی کۆنترۆڵی دەسەڵاتی حکومەتەکەیدا، بووەتە هەڕەشە بۆ سەر هەردوو پڕۆژە ناوخۆیی و دەرەکییەکەی.
