رووداو دیجیتاڵ
جێگری پارێزگاری کەربەلا دەڵێ، بۆ گەڕاندنەوەی زیارەتکارانی رێوڕەسمی چلەی ئیمام حوسێن بۆ ناوچەکانی خۆیان، زیاتر لە 22 هەزار ئۆتۆمبێلیان تەرخانکردووە. لەبارەی پڕۆژەی رێگەی گەشەپێدانیش باس لەوە دەکات کە ئەو پڕۆژەیە پارێزگاکەیان لە گەشتیاریی ئاینییەوە دەکاتە پارێزگایەکی پیشەسازی.
رۆژی چوارشەممە 5ی ئابی 2026، عەلی مەیالی، جێگری پارێزگاری کەربەلا سەبارەت بە گەڕانەوەی زیارەتکاران بۆ پارێزگاکانی خۆیان، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "پلانێکی تۆکمەمان بۆ گواستنەوەی زیارەتکاران هەیە. بۆ ئەم مەبەستە دوو هەزار و 500 پاسی گەورە و زیاتر لە 20 هەزار ئۆتۆمبێلی گواستنەوەی تایبەت تەرخانکراون."
عەلی مەیالی ئاماژەی بەوە کرد کە پتر لە دوو هەزار ئۆتۆمبێلی حکومی و 600 ئۆتۆمبێلی وەزارەتی گواستنەوە لە پرۆسەکەدا هاوکارن.
لە گەشتیاریی ئابوورییەوە بۆ پیشەسازی
جێگری پارێزگاری کەربەلا تیشکی خستە سەر پڕۆژەی رێگەی گەشەپێدان کە بە پارێزگاکەدا تێدەپەڕێ و گوتی، "کەربەلا وێستگەیەکی گرنگی رێگەی گەشەپێدانە. زەویمان بۆ ئەم مەبەستە تەرخان کردووە و رووپێوییەکان کۆتاییان هاتووە. فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی، پاڵاوگە و پڕۆژەی پەلەوەری کەربەلا کە گەورەترین پڕۆژەی پەلەوەرییە لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، دەکەونە سەر پڕۆژەی رێگەی گەشەپێدان و ئەوەش کاریگەریی گەورەی لەسەر ئابووریی پارێزگاکەمان دەبێت."
بە گوتەی عەلی مەیالی، پڕۆژەکە دەبێتەهۆی بووژانەوەی ناوچە پیشەسازییەکان و بازاڕە ئازادەکان، "ئەمەش ناسنامەی ئابووری کەربەلا لە گەشتیاریی ئایینییەوە دەگۆڕێ بۆ جەمسەرێکی پیشەسازی و بازرگانیی گەورە."
بەکارهێنانی ئاوی ژێرزەوی بیابانەکانی سعودیە
سەبارەت بە قەیرانی ئاو و مەترسییەکانی سەر کەرتی کشتوکاڵی پارێزگاکە، عەلی مەیالی رایگەیاند، "پلانمان هەیە ئاو لە حەوز و رووباری فوراتەوە رابکێشین و تەنیا پشت بە رووباری حوسێنییە نەبەستین. وێستگەیەکمان بە توانای 16 هەزار مەتر سێجا بۆ ئەو مەبەستە ئامادە کردووە."
جێگری پارێزگاری کەربەلا گوتی، بۆ پاراستنی کەرتی کشتوکاڵی پارێزگاکەیان، پەنایان بۆ لێدانی بیر و بەکارهێنانی ئاوی ژێر زەوی بردووە کە لە بیابانی سعودییەوە سەرچاوە دەگرێ؛ هەروەها دەڵێت کە رێگری لە کشتوکاڵی هەڕەمەکی دەکەن بۆ ئەوەی بڕی ئاوی پێویست بۆ باخەکانی کەربەلا دابین بکەن.
لەبارەی بەشەبودجەی پارێزگاکەش، عەلی مەیالی باسی لەوە کرد کە حکومەتی خۆجێیی هەموو پێشنیاز و ستراتیژییەکانی خۆی ئاراستەی پەرلەمان و حکومەتی فیدراڵ کردووە بۆ بودجەی 2027. گوتیشی، "ئامادەین بۆ دەستپێکردنەوەی پڕۆژە وەستاوەکان لە گەڕەکە دوورەدەستەکان، بەڵام چاوەڕێی پەسندکردن و ناردنی شایستە داراییەکانین لەلایەن بەغداوە بۆ ئەوەی خزمەتگوزارییەکان بگەیەنینە هەموو شوێنێک و جیاوازی لە نێوان سەنتەری شار و دەوروبەری نەمێنێت."



