رووداو - دیجیتاڵ
لە نەخۆشخانەی فێرکاریی تکریت لە پارێزگای سەڵاحەدین، لە ماوەی 24 کاژێردا دوو منداڵ بە حاڵەتی پزیشکیی دەگمەن و نائاسایی لەدایکبوون؛ یەکێک لە منداڵەکان تەنیا یەک چاوی هەیە و بێ لووتە.
سۆران مەحموود، بەرپرسی بەشی منداڵانی ناکام لە نەخۆشخانەی تکریت بە رووداوی گوت: لە ماوەی 24 کاژێردا 2 منداڵی لەو شێوەیە لەدایکبووە، جگە لەوەی تەنیا یەک چاوی لەنێوەڕاستی نێوچەوانیدایە، چاوی دووەم و لووتیشی نییە، ئەوەش یەکێکە لە حاڵەتە هەرە دەگمەنەکانی جیهان لە بواری پزیشکیدا.
سۆران مەحموود ئاماژەی بەوە کرد لە ماوەی هەفتەیەکدا 5 حاڵەتی لەم شێوەیە تۆمار کراوە
بەرپرسی بەشی منداڵای ناکام لە نەخۆشخانەی تکریت باسی ئەوەشکرد، تەنها یەک منداڵیان ماوە، چوارەکەی دیکەی گیانیان لەدەستداوە.
بەگوتەی پسپۆڕانی پزیشکی، ئەم جۆرە حاڵەتانە زۆرجار بەهۆی تێکچوونی کرۆمۆسۆمەکان یان گەشەنەکردنی تەواوی مێشک لە قۆناغی کۆرپەلەیدا دروست دەبن، زۆربەی ئەو منداڵانەشی بەو شێوەیە لەدایکدەبن بەهۆی گرفتی کۆئەندامی هەناسە و مێشکەوە تەمەن کورتن.



