رووداو دیجیتاڵ
دواکەوتنی مووچەی مانگی تەممووز لە عێراق، حەوت وەزارەت، سێ سەرۆکایەتییەکە و چەندین دامەزراوەی دیکەی گرتووەتەوە. فەرمانبەرانی وەزارەتی کارەبا بەهۆی پێنەدانی مووچە و شایستە داراییەکانیان هاتوونەتە سەر شەقام و هەڕەشەی بایکۆتی دەوام دەکەن.
تاوەکو ئێستا هەریەک لە سەرۆکایەتیی کۆمار، ئەنجوومەنی وەزیران و پەرلەمانی عێراق مووچەی مانگی تەممووزیان وەرنەگرتووە. جگە لە سەرۆکایەتییەکان، حەوت وەزارەت و هەریەک لە دیوانی وەقفی سوننی، دیوانی وەقفی شیعی، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان و کۆمیسیۆنی مافەکانی مرۆڤ لە هەمان دۆخ دان.
کارەبای عێراق: خۆپێشاندان و هەڕەشەی بایکۆت
دواکەوتنی مووچە و خەرجنەکردنی شایستەی کاتی زیادکراوی کارکردن (ئیزافی)، فەرمانبەرانی وەزارەتی کارەبای عێراقی تووڕە کردووە و بەو هۆیەوە گردبوونەوەی ناڕەزایەتییان ئەنجامدا.
حوسامەدین عەبدوڵڵا، فەرمانبەر لە وەزارەتی کارەبا دەڵێت: "وەزارەت چۆن داواکاریی لە ئێمە هەیە، ئێمەش داواکاریمان لێی هەیە. پێویستە ئەوەمان بۆ دابین بکەن دەمانەوێت، تاوەکو ئەم ساتە مووچەمان وەرنەگرتووە و تەنانەت خواردنیشمان پێنەدراوە."
هاوکات محەممەد عەلی، فەرمانبەرێکی دیکەی هەمان وەزارەتە و ئاماژە بە قورسیی بژێوییان دەکات و دەڵێت: "تەنیا بۆ هاتووچۆ مانگانە پێویستم بە 150 بۆ 200 هەزار دینارە. ئەگەر دۆخەکە بەم شێوەیە بەردەوام بێت، بایکۆت دەکەین و دەوام رادەگرین، چونکە ئیتر بێزار بووین."
فەرمانبەران لەژێر گوشاری قەرزدان
دواکەوتنی مووچە تەنیا کاریگەریی لەسەر دەوامی فەرمیی نەکردووە، بەڵکو ژیانی تایبەتیی فەرمانبەرانیشی پەکخستووە. محەممەد شەممەری، فەرمانبەرێکی حکومەتە و دەڵێت دواکەوتنی مووچەکەی تووشی قەرزاری و کورتهێنانی خەرجیی مانگانەی کردووە.
شەممەری دەڵێت: "هیچ سەرچاوەیەکی دیکەی بژێویم نییە. ئەمە کێشەیەکی زۆر گەورەیە، پابەندیی خێزانی، قیستی زانکۆ، کرێی گواستنەوە، پارەی کارەبا و کرێی خانوو هەمووی لەسەر شانمە و نازانم چۆن چارەسەریان بکەم."
وەزارەتی دارایی لەبەردەم قەیراندا
خراپیی دۆخی دارایی عێراق گەیشتووەتە ئاستێک وەزارەتی دارایی ناتوانێت بە ئاسانی مووچەی مانگانە دابین بکات. ئێستا وەزارەتەکە پەنا بۆ "قەرز" دەبات بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنانەکان و دابینکردنی مووچە، ئەمەش بووەتە هۆی دواکەوتنی دابەشکردنی پارە بەسەر فەرمانبەراندا.
تاوەکو ئێستا روون نییە ئەم تەنگژە داراییە تاوەکو کەی بەردەوام دەبێت و ئایا حکومەت دەتوانێت بۆ مانگەکانی داهاتوو لە کاتی خۆیدا مووچە دابین بکات یاخود نا.


