رووداو دیجیتاڵ
لە بنکەی پۆلیسی نەهزە لە پارێزگای دیوانیە، ئەفسەرێک و سێ کارمەندی پۆلیس دەستدرێژیی سێکسی دەکەنە سەر کچێکی تەمەن 26 ساڵان بەهۆی کێشەیەکی یاساییەوە لەو بنکەیە دەستبەسەر بووە. پۆلیسی دیوانیە رێکاری یاسایی بەرامبەر تۆمەتباران گرتووەتەبەر.
دوو هەفتە لەمەوبەر، کچێکی تەمەن 26 ساڵان بە ناوی "د. غ" بە مەبەستی تۆمارکردنی سکاڵا لەسەر یەکێک لە کەسە نزیکەکانی، سەردانی بنکەی پۆلیسی کردووە. دوای تۆمارکردنی سکاڵاکە و چوونە بەردەم دادوەر، بەهۆی گۆڕینی گوتەکانی و "بەلارێدابردنی یاسا"، دادوەر بڕیاری دەستبەسەرکردنی دەدات.
بەپێی زانیارییەکان، ئەو ژنە بۆ ماوەی شەش رۆژ لە بنکەی پۆلیسی نەهزە دەستبەسەر بووە، لەو ماوەیەدا لەلایەن ئەفسەرێک و سێ کارمەندی بنکەکەوە دەستدرێژیی سێکسی کراوەتە سەر.
سوندس موسەوی، سەرۆکی لیژنەی ژنان لە ئەنجوومەنی پارێزگای دیوانیە، لەبارەی دۆسیەکەوە بە رووداوی راگەیاند: "ئەمە کارێکی نائەخلاقییە بەرامبەر ئەو خاتوونە کراوە، بەتایبەت رووداوەکە لەنێو دەزگایەکی ئەمنیی حکومیدا بووە ئەرکی پاراستنی هاونیشتمانیانە. تاوانەکەی ئەو ژنە هەرچییەک بێت، بۆ ئێمە گرنگ نییە، ئەوەی جێگەی هەڵوەستەیە ئەوەیە کە لەنێو دەزگایەکی ئەمنیدا ئەو دەستدرێژییەی کراوەتە سەر."
دوای ئاشکرابوونی رووداوەکە، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی دیوانیە رێکاری یاسایی گرتووەتەبەر. ئەفسەرەکە و سێ کارمەندەکە بەپێی ماددەی 14 لە یاسای هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ راگیراون. بەپێی ئەو یاسایە، ئەگەر تاوانەکەیان بەسەردا ساغ بێتەوە، سزاکەیان دەرکردن لە خزمەت و زیندانیکردن دەبێت بۆ ماوەی 7 تاوەکو 15 ساڵ.
عەباس بورهان، سەرۆکی کۆمیسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤ ئاماژە بەوە دەکات لیژنەیەکی مەیدانییان بۆ چاودێریکردنی کەیسەکە پێکهێناوە و دەڵێت: "ئەم کەیسە پێشێلکردنی روون و تەواوەتی مافەکانی مرۆڤ و ئازادییەکانە لەلایەن دامودەزگایەکی ئەمنییەوە."
چالاکوانانی مافی ژنانیش داوای گۆڕانکاری لە شێوازی راگرتنی ژنان دەکەن. منار زوبێدی، داکۆکیکارێکی مافەکانی ژنانە و دەڵێت: "ئەو قوربانییە پێویستی بە پاڵپشتیی دەروونی و کۆمەڵایەتیی بەپەلە هەیە. پێویستە حکومەت ناوەندی تایبەت بۆ ئەو ژنانە بکاتەوە کە دەستبەسەر دەکرێن و لەلایەن کارمەند و پۆلیسی ژنەوە بەڕێوەببرێن و پاسەوانی بکرێن."
"د. غ" لە کاتی دەستبەسەرکردنیدا چاوەڕوانی یەکێک لە کەسوکاری کردووە تاوەکو بە کەفالەت ئازادی بکەن، بەڵام "بێکەسییەکەی" وایکردووە زیاتر لە دوو هەفتە لە بنکەی پۆلیس بمێنێتەوە و ببێتە قوربانیی ئەو دەستدرێژییە.

