رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق داوا لە گەنجانی کوردی ناوچە کێشە لەسەرەکان دەکات پەلە بکەن لە تۆمارکردنی ناویان بۆ خولی نوێی ئەفسەران لە وەزارەتی ناوخۆ، ئەوەش بە مەبەستی زیادکردنی رێژەی کورد لە دامەزراوە ئەمنییە فیدراڵییەکاندا.
مازن غەریب، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق، رۆژی پێنجشەممە 6ـی ئابی 2026، بە رووداوی راگەیاند: "دەمانەوێت رێژەی کورد لە دامەزراوە ئەمنییەکانی عێراق زیاد بێت، بۆیە داوا لە گەنجانی ناوچە کێشە لەسەرەکان دەکەم ناوی خۆیان لەم خولە نوێیەدا تۆمار بکەن."
مازن غەریب ئاماژەی بەوە کرد، لە ساڵانی رابردوودا بەشداریی کورد زۆر کەم بووە و گوتی: "ساڵی پێشوو تەنیا 10 کورد ناوی خۆیان تۆمار کردبوو، پێشووتریش تەنیا یەک کورد هەبوو، بۆیە ئەمساڵ دەمانەوێت ژمارەکە زۆر زیاتر بێت، بۆیە ئێمە هانی گەنجانی دەرچووی زانکۆکان دەدەین کە ئەم دەرفەتانە لەدەست نەدەن بۆ ئەوەی لە داهاتوودا نوێنەرایەتیی کورد لە ناو بڕیاری ئەمنی و کارگێڕیی عێراقدا بەهێزتر بێت."
مەرج و کاتی پێشکەشکردن
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی خۆبەخشی لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق دەرگای پێشکەشکردنی بۆ خولی ئامادەکاریی ژمارە 32ـی پەیمانگای باڵای پەرەپێدانی ئاسایشی و کارگێڕی کردەوە. پێشکەشکردن دەستیپێکردووە و تاوەکو 12ـی ئابی 2026 بەردەوام دەبێت.
پێشکەشکردن تەنیا بۆ هەڵگرانی بڕوانامەی بەکالۆریۆسە لە هەردوو رەگەزی نێر و مێ، کە دەرچووی ساڵانی خوێندنی (2024–2025) و (2025–2026) بن.
مەرجە سەرەکییەکان بریتین لە:
- داواکار لە دایک و باوکێکی عێراقی بێت
- تەمەنی مەدەنی لە نێوان 19 بۆ 25 ساڵ بێت واتە لەدایکبووانی 6/8/2001 تا 6/8/2007
- بەرزیی باڵا بۆ پیاوان لە 168 سم و بۆ ئافرەتان لە 155 سم کەمتر نەبێت
- سەرکەوتوو بێت لە پشکنینە تەندروستی، وەرزشی و دەروونییەکان
پسپۆڕییە داواکراوەکان
وەزارەتی ناوخۆ پێویستی بە چەندین پسپۆڕیی جیاواز هەیە، لەوانە: پزیشکی گشتی، دەرمانسازی، ئەندازیاری (مەدەنی، کۆمپیوتەر، ئاسایشی سایبەر، میکانیکی فڕۆکە)، یاسا، ئامار، ژمێریاری، زمانی ئینگلیزی و بەڵگەی تاوان.
پێشکەشکردن تەنیا بە شێوەی ئەلیکترۆنی و لە رێگەی ماڵپەڕی فەرمیی وەزارەتی ناوخۆی عێراق دەبێت.



