رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاوی عێراق دەڵێت، کۆگەیەکی باشی ئاویان لە بەنداوەکاندا هەیە و لە دیجلە و فوراتەوە لە چرکەیەکدا زیاتر لە 1000مەتر سێجا ئاویان پێدەگات. دەشڵێت، 630 ملیۆن مەتر سێجا ئاو بۆ زۆنگاوەکان دابین کراوە و بووژاونەتەوە.
رۆژی پێنجشەممە 6ی ئابی 2026، خالید شیمال، گوتەبێژی وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاویی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئێستا کە چرکەیەکدا 619 مەتر سێجا ئاو لە رووباری دیجلە دەگاتە بەنداوی موسڵ، لە بەرامبەردا ئێمە بڕی 700 مەتر سێجا ئاو لە چرکەیەکدا لە بەنداوەکە بەردەدەینەوە بۆ دابینکردنی پێویستییەکانی کشتوکاڵ، خواردنەوە و بەکارهێنانی نێوخۆیی."
سەبارەت بە رووباری فورات، خالید شیمال گوتی، "بڕی ئاوی هاتوو لە رووباری فوراتەوە بۆ بەنداوی حەدیسە 428 مەتر سێجا لە چرکەیەکدا تۆمارکراوە، لە کاتێکدا بڕی بەردراوەی ئاو لەو بەنداوەوە بۆ خواروو گەیشتووەتە 500 مەتر سێجا لە هەر چرکەیەکدا."
گوتەبێژی وەزارەتەکە ئاماژەی بە بڕی ئەو ئاوە کرد، کە بۆ زۆنگاوەکانی بەردەدەنەوە و گوتی: "تاوەکو کۆتایی مانگی حوزەیرانی رابردوو، بڕی 630 ملیۆن مەتر سێجا ئاو بۆ زۆنگاوەکان دابین کراوە، تەنیا بۆ ئەو زۆنگاوانەی دەکەونە پارێزگای میسان، زیاتر لە 85 ملیۆن مەتر سێجا ئاویان بۆ بەردراوەتەوە کە ئەمەش یارمەتیدەر بووە بۆ پاراستنی ئاوی ئەو زۆنگاوانە و بە رێژەی 40% بووژانەونەتەوە."
رۆژی 25ی حوزەیرانی ئەم ساڵ، وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاوی عێراق و وەزارەتی وزەی سووریا کۆنووسێکیان لەبارەی هاوکاری لە بواری بەڕێوەبردنی ئاوى هاوبەشى نێوانیان و ئاڵوگۆڕکردنی زانیاری واژۆ کرد. بەپێی ئەو کۆنووسە هەردوولا زانیارییە تەکنیکییەکان لەنێوان خۆیاندا ئاڵوگۆڕ دەکەن، بەتایبەت ئەوەی پەیوەندیدارە بە رووباری فورات.
لە بارەی رێککەوتنەکەیان لەگەڵ سووریا گوتەبێژی وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاو ئاماژەی بەوە کرد، "هاوئاهەنگییەکی ئاستبەرزمان لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی بەڕێوەبردنی ئاو لە تورکیا و سووریا هەیە. کۆنووسێکی هاوکاریمان لەگەڵ سووریا واژۆ کردووە بۆ ئاڵوگۆڕی زانیاری و هیوادارین ببێتە هەوێنێک بۆ داڕشتنی شێوازێکی کاری روون لە هاوئاهەنگیکردن لەگەڵ لایەنی تورکی، چونکە هەر سێ وڵات لە حەوزی رووباری فوراتدا هاوبەشین."
سەبارەت بە رێکارەکانیان بۆ بەرەنگاربوونەوەی زێدەڕۆیی گوتەبێژی وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاو گوتی، "هەڵمەتێکی گەورە و گشتگیری نیشتمانیمان دەستپێکردووە بۆ لابردنی هەموو جۆرە زێدەڕۆییەک لەسەر سیستمی ئاو و پشکی پارێزگاکان. هاوئاهەنگییەکی زۆرباشمان لەگەڵ ئەنجوومەنی باڵای دادوەری و هێزە ئەمنییەکان هەیە بۆ خێراکردنی رێکارە یاساییەکان و تووندکردنی سزا بەرامبەر ئەوانەی زێدەڕۆیی دەکەنە سەر رووبار و رێڕەوە ئاوییەکان، بەتایبەت حەوزە نایاساییەکانی ماسی."
خالید شیمال دڵنیایی دەدات و دەڵێت، "کۆگەیەکی باشی ئاومان لە بەنداوەکاندا هەیە و بە وردی بەڕێوەی دەبەین بۆ ئەوەی بێ گرفت ئەم وەرزە گەرمە تێپەڕێنین و ئامادەکاری بۆ وەرزی چاندنی زستانە بکەین."



