رووداو دیجیتاڵ وەزارەتی نەوتی عێراق و کۆمپانیای BPی بەریتانی هەنگاوەکانیان بۆ پەرەپێدانی کێڵگە نەوتییەکانی کەرکووک چڕتر دەکەنەوە. وەزیری نەوت رایدەگەیێنێت، کاری لەپێشینەی ئەوان زیادکردنی بەرهەمهێنانی نەوتی خاو و گازە. ئاماژە بەوەش دەکات کە دەبێت خەڵکی کەرکووک لەڕێگەی هەلی کار و خزمەتگوزارییەوە سوودمەندی یەکەم بن لەو پڕۆژانە. رۆژی پێنجشەممە، 6ـی ئابی 2026، باسم محەممەد خزەیر عەبادی، وەزیری نەوتی عێراق سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی ئیدارەی هاوبەشی پڕۆژەی گەشەپێدانی کێڵگەکانی کەرکووکی کرد، کە لەلایەن کۆمپانیای BPی بەریتانییەوە بەڕێوەدەچێت. وەزارەتی نەوت لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، وەزیری نەوت جەختی لەسەر پێویستیی "زیادکردن و بەردەوامیدان بە بەرهەمهێنانی نەوتی خاو" کردەوە. عەبادی دەڵێت: "بەهۆی پێویستیی وڵات، دەبێت وەبەرهێنان لە کەرتی گاز لەو کێڵگانەدا بە شێوەیەکی بەرچاو زیاد بکرێت." پڕۆژەی گەشەپێدانەکە چوار کێڵگەی سەرەکی دەگرێتەوە کە بریتین لە کێڵگەی بای حەسەن، کێڵگەی جەمبوور، کێڵگەی خەباز، کێڵگەی کەرکووک (ئاڤانا و باباگوڕگوڕ). وەزیری نەوت رایگەیاندووە، "پێویستە کارکردن لەسەر دابینکردنی خزمەتگوزاری بۆ دانیشتووانی ناوچەکانی دەوروبەری کێڵگە نەوتییەکان بکرێتە لەپێشینە." داواشی کرد، گەنجان و هێزی کاری نێوخۆیی پارێزگای کەرکووک لەو پڕۆژانەدا دابمەزرێندرێن و سوود لە "داهاتی کۆمەڵایەتی" پڕۆژەکە بۆ ئاوەدانکردنەوەی ناوچەکە وەربگیرێت. وەزیری نەوت باسی لەوەش کردووە، "دەبێت رێژەی رووداوەکانی کار لەو کێڵگانەدا "سفر" بێت و کۆمپانیاکە پابەند بێت بە بەکارهێنانی نوێترین تەکنەلۆژیای جیهانی بۆ کەمکردنەوەی زیانە ژینگەییەکان. رێککەوتنی حکومەتی عێراق لەگەڵ BP، رۆژی یەکی ئابى 2024واژۆکرا، کە ئامانج لێى پەرەپێدانى کێڵگەکانى نەوتە لە کەرکووک لەگەڵ وەبەرهێنان لە گازى هاوەڵى ئەو کێڵگانە.
عێراق06-08-2026سەرچاوەکانی ئاوی عێراق: لە دیجلە و فوراتەوە لە چرکەیەکدا 1000 مەتر سێجا ئاومان بۆ بەردەدرێتەوە