رووداو دیجیتاڵ
فەرمانگەی یاسایی سەر بە وەزارەتی دادی عێراق، توانیویەتی داوایەکی یاسایی لە بەرژەوەندیی کۆمپانیای دەرمانی سامەڕا لە دادگەکانی ئوردن بباتەوە و کۆمپانیایەکی ئەو وڵاتە ناچار بە قەرەبووکردنەوەی عێراق بکات.
پێنجشەممە، 6ـی ئابی 2026، هەیسەم موحی رازی، بەڕێوەبەری فەرمانگەی یاسایی لە وەزارەتی دادی عێراق، بە رووداوی راگەیاند، "توانیمان لە دادگەکانی ئوردن سەرکەوتن بەدەستبهێنین."
بڕیارەکە کۆمپانیایەکی ئوردنی پابەنددەکات بە دانی بڕە پارەیەک بۆ کۆمپانیای گشتیی پیشەسازیی دەرمان و پێداویستییە پزیشکییەکانی سامەڕا، کە سەر بە وەزارەتی پیشەسازیی عێراقە.
بەگوتەی هەیسەم رازی، ئەم ئەنجامە دوای هەوڵێکی زۆری تیمی یاسایی وەزارەتی دادی عێراق هاتووە لە بەدواداچوون بۆ دۆسیەکە، کێشەکەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە کۆمپانیا ئوردنییەکە گرێبەستی هەبووە بۆ دابینکردنی (قەباخ) سەری کانزایی بۆ پێداویستییە پزیشکییەکان، بەڵام کەلوپەلێکی ناردووە کە لەگەڵ مەرج و ستانداردەکاندا نەگونجاوە.
بەڕێوەبەری فەرمانگەی یاسایی ئاماژەی بەوەکردووە، کە دادگەی تێهەڵچوونەوەی ئوردن بڕیاری کۆتایی دەرکردووە و دادگەکانی دەستپێک و تێهەڵچوونەوەش پەسندیانکردووە، کە تێیدا کۆمپانیا ئوردنییەکە ناچارکراوە شایستە داراییەکان بۆ کۆمپانیای دەرمانی سامەڕا بگەڕێنێتەوە.
کۆمپانیای گشتیی پیشەسازیی دەرمان لە سامەڕا (SDI)، گەورەترین و کۆنترین ناوەندی بەرهەمهێنانی دەرمانە لە عێراقدا، دەکەوێتە پارێزگای سەلاحەدین.
ئەم کۆمپانیایە ساڵانە گرێبەستی زۆر لەگەڵ کۆمپانیاکانی ناوچەکە و جیهان دەکات بۆ دابینکردنی کەرەستە و پێداویستییە پزیشکییەکانی ناو کارگەکانی.

.jpeg&w=3840&q=75)

