رووداو دیجیتاڵ وەزارەتی بازرگانیی عێراق دەڵێت، فەرمانگەی تۆمارکردنی کۆمپانیاکان دەستی بە رێکارە یاساییەکان کردووە بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو کۆمپانیایانەی نێوەندگیریی دراون، کە لەلایەن بانکی ناوەندییەوە مۆڵەتەکانیان کێشراوەتەوە. محەممەد حەنوون، گوتەبێژی فەرمیی وەزارەتی بازرگانیی عێراق، پێنجشەممە، 6ـی ئابی 2026، بە رووداوی راگەیاند، "فەرمانگەی تۆمارکردنی کۆمپانیاکانی سەر بە وەزارەتەکەمان نووسراوی ئاگادارکردنەوەیان ئاراستەی ئەو کۆمپانیایانە کردووە کە مۆڵەتی کڕین و فرۆشتنی دراویان لێسەندراوەتەوە، تاوەکو لە ماوەی 60 رۆژدا دەستبکەن بە رێکاری هەڵوەشاندنەوەی یاسایی." بانکی ناوەندیی عێراق بڕیاریداوە مۆڵەت لەو کۆمپانیایانە وەربگرێتەوە کە پابەندی رێنوێنی و یاساکانی ئاڵوگۆڕی دراو نەبوون. محەممەد حەنوون گوتی، "ئەم رێکارانە لە چوارچێوەی هاوئاهەنگیی نێوان وەزارەتی بازرگانی و بانکی ناوەندیی عێراقە بۆ رێکخستنەوەی کاری کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕی دراو و بەهێزکردنی متمانە بە ژینگەی کارکردن لە عێراقدا، کە رۆڵیان دەبێت لە پاراستنی سیستمی دارایی وڵاتدا." بەگوێرەی نووسراوەکەی بانکی ناوەندیی عێراق کە دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتووە، هەریەک لە کۆمپانیای رەواجب، سەبەء و نیتاق بۆ نێوەندگیریی بە کڕین و فرۆشتنی دراوی بیانی مۆڵەتیان لێوەربگیرێتەوە، کە سەرپێچیی رێنوێنیی ژمارە 1ـی ساڵی 2022ـیان کردووە. دیارترین سەرپێچییەکانی رێنوێنیی ژمارە 1ـی ساڵی 2022 تایبەت بە بانکی ناوەندیی عێراق ئەمانەن: -ئەنجامدانی هەر جۆرە حەواڵەیەکی دارایی ناوخۆیی یان دەرەکی لەگەڵ کۆمپانیا یان ئەو بنکانەی کە مۆڵەتی فەرمییان لە بانکی ناوەندییەوە وەرنەگرتووە. -حەواڵەی دەرەکی لەڕێگەی ئەو کەناڵانەی کە رێگەیان پێنەدراوە، بەوپێیەی مامەڵەکردن لەگەڵ بنکەکانی "کی کارت" (Qi Card) بۆ حەواڵەکردن قەدەخەیە، حەواڵەی دەرەکی بۆ کۆمپانیاکانی هەردوو پۆلی A و B تەنیا سنووردارکراوە بۆ سیستمە دیاریکراوەکانی وەک "وێستەرن یونین" و "مۆنی گرام". دامەزراندن یان بەشدارپێکردنی ئەو کەسانەی کە ناویان لە لیستەکانی قەدەخەکردنی بانکی ناوەندیدا هاتووە، بۆ بەڕێوەبردن یان کارپێکردنی کۆمپانیا.