رووداو دیجیتاڵ
دادگەی تێهەڵچوونەوەی کەرخ لە بەغدا، فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ ئەحمەد جاسم سابر ئەسەدی، وەزیری پێشووی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی عێراق دەرکرد، ئەوەش بە تۆمەتی وەرگرتنی "قازانجی نایاسایی" لەو گرێبەستانەی کە پەیوەندییان بە وەزارەتەکەیەوە هەبووە.
بەگوێرەی نووسراوێکی فەرمیی دادگەی تێهەڵچوونەوەی کەرخ (دادوەری لێکۆڵینەوەی تاوانەکانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی) کە لە رۆژی 29-7-2026 دەرچووە و ئەمڕۆ لە میدیای فەرمی عێراق بڵاوکراوەتەوە، فەرمانی دەستگیرکردن بۆ ئەحمەد ئەسەدی دەرکراوە و داوا لە هێزە ئەمنییەکان کراوە دەستگیری بکەن و رادەستی دەستەی دەسیپاکی عێراقی بکەن.
لە فەرمانی دەستگیرکردنەکەدا هاتووە، ئەحمەد ئەسەدی لەدایکبووی ساڵی 1971 بەپێی مادەی 319ـی یاسای سزاکانی عێراق تۆمەتبارە بە "سوودوەرگرتنی راستەوخۆ لەو گرێبەست و کارانەی کە وەک وەزیر بۆی هەبووە ئامادەیان بکات، ئەوەش لە رێگەی تێپەڕاندنی چەندین گرێبەستی پێچەوانەی یاسا بۆ بەدەستهێنانی بەرژەوەندی بۆ خۆی و کەسانی دیکە."
ئەم بڕیارەی دادگەی کەرخ دوای ئەوە دێت کە هەر ئەمڕۆ یەکشەممە (9ـی ئابی2026) داوا لە پەرلەمانی عێراق کرا پارێزبەندی لەسەر پەرلەمانتار نازم ئەسەدی لابدات.
بەپێی لێکۆڵینەوەکان، گومان دەکرێت هەردوو ئەسەدییەکە رێککەوتبن بۆ دامەزراندنی کۆمپانیایەک بە ناوی "ئەلتەدامول" لەسەر ناوی یەکێک لە پاسەوانەکانیان بە ناوی "سامر شاکر هاشم"، تاوەکو لە رێگەیەوە گرێبەستەکانی وەزارەتی کاری عێراق و مۆڵەتی هێنانی کرێکاری بیانی بۆ بەرژەوەندیی تایبەتی خۆیان وەربگرن.
پێش دەرچوونی ئەم فەرمانە فەرمییە، رۆژی 21ـی تەممووزی 2026، دەنگۆی هەڵکوتانە سەر ماڵ و بارەگاکانی ئەحمەد ئەسەدی بڵاوکرایەوە.
ئەحمەد ئەسەدی لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا وەڵامی ئەو دەنگۆیانەی دایەوە و رایگەیاند، ئەوکاتەی ئەو بۆ چارەسەری پزیشکی لە دەرەوە بووە، "یەکێک لە کەسە نزیکەکانی سەرپێچیی یاسایی کردووە" و ئەوە بووەتە هۆی رێکاری دادوەری.
ئەحمەد ئەسەدی ئەو کاتە رەتیکردبووەوە فەرمانی دەستگیرکردنی هەبێت و لەبارەی ئەو پارانەی لە بارەگاکانی دەستیان بەسەردا گیرابوو، گوتی: "ئەو پارانە بڕەکەیان زۆر کەمترە لەوەی باس دەکرێت و هەموویان پارەی یاسایین و بەڵگەی فەرمییان لەسەرە."
ئەحمەد ئەسەدی کێیە؟
- ساڵی 1971 لە دایکبووە و دانیشتووی گەڕەکی قادسیەی بەغدایە.
- لە ساڵی 2014 فەرماندەیی گرووپی (جوندولئیمام)ی کردووە کە دواتر بووە لیوای شەش لە حەشدی شەعبی
- لە ساڵی 2019 "هاوپەیمانیی (سەنەدی نیشتمانی) دامەزراند
- لە ساڵی 2020 "بزووتنەوەی (سۆمەریون)ی دامەزراند و وەک حیزبێکی سیاسی تۆماری کرد
- لە حکومەتی پێشووی عێڕاقدا پۆستی وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی بەدەستەوە بوو.
- یەکێکە لە کەسایەتییە دیارەکانی ناو "چوارچێوەی هاوئاهەنگی"


