رووداو دیجیتاڵ
دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق ئاشکرای دەکات، لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵدا لە ئۆپەراسیۆنێکی فراواندا لە سەرتاسەری وڵاتدا، 101 قاچاخچیی سووتەمەنیان دەستگیرکردووە و دەستیان بەسەر نزیکەی 400 هەزار لیتر سووتەمەنیشدا گرتووە.
ئەرشەد حاکم، گوتەبێژی دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، یەکشەممە، 9ـی ئابی 2026، بە رووداوی راگەیاند: "تەنیا لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا مەفرەزەکانمان توانیویانە 101 فەرمانی دەستگیرکردن بۆ ئەو کەسانە جێبەجێ بکەن کە تێوەگلاون لە دۆسییەکانی قاچاخی نەوت و بەرهەمە نەوتییەکان."
بەپێی رێنماییەکان، هەر تانکەرێکی نەوت پابەندی ئەو پارێزگایە نەبێت کە لە نووسراوی فەرمیی حکومەتی فیدراڵیدا بۆی دیاریکراوە، وەک قاچاخ مامەڵە لەگەڵ بارەکەی و شۆفێرەکەیدا دەکرێت.
گوتەبێژی ئاسایشی نیشتمانیی عێراق ئاماژەی بەوە کرد کە لە ئۆپەراسیۆنەکاندا دەستیان بەسەر 398 هەزار و 700 لیتر سووتەمەنیدا گرتووە. هەروەها دەیان ئۆتۆمبێل، تانکەر و کۆگەی سووتەمەنی کە بۆ مەبەستی قاچاخچێتی بەکارهێنراون، دەستیان بەسەردا گیراوە.
بەگوێرەی ئامارەکانی دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، ئەم ئۆپەراسیۆنانە زۆربەی پارێزگاکانی عێراقیان گرتووەتەوە، بەڵام دیارترینیان لە پارێزگاکانی بەغدا، نەینەوا، سەلاحەدین، کەرکووک، موسەننا و ئەنبار بوون.
ئەرشەد حاکم ئاشکرای کرد کە تاوەکو ئێستا 17 بڕیاری جیاوازی سزادان لە لایەن دادگاکانەوە بۆ تۆمەتبارانی ئەم دۆسییانە دەرچووە، ئەوەش دوای تەواوبوونی رێکارە یاساییەکان و سەلماندنی تاوانەکانیان.


