رووداو دیجیتاڵ
لە پەرلەمانی عێراقەوە داواکارییەکی فەرمی ئاراستەی سەرۆکوەزیرانی فیدراڵ دەکرێت بۆ ئەوەی پشکی هەرێمی کوردستان لە سووتەمەنی بۆ بەکارهێنانی ناوخۆیی لە 50 هەزار بەرمیلەوە بکرێتە 140هەزار بەرمیل؛ ئەو داواکارییە لەلایەن پەرلەمانتارێکی پارتییەوە ئامادەکراوە نزیکەی 170 واژۆی بۆ کۆکراوەتەوە.
نووسراوەکە لەلایەن سیپان شێروانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی ئامادەکراوە و تاوەکو 12ی ئاب 169 پەرلەمانتار واژۆیان کردووە.
لە داواکارییەکەدا کە ئاراستەی سەرۆکوەزیران کراوە، داوا دەکرێت پشکی هەرێمی کوردستان لە نەوتی خاو بۆ بەکارهێنانی ناوخۆیی لە 50 هەزار بەرمیلەوە زیاد بکرێت بۆ 140 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا، بە شێوەیەک کە لەگەڵ رێژەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان بگونجێت.
سەلوان ئاکرەیی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان رۆژی پێنجشەممە 13-8-2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەمڕۆ، بە فەرمی ئەو نووسراوە لەلایەن فەرهاد ئەتروشی، جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمانەوە ئاراستەی سەرۆکوەزیران دەکرێت بۆ بڕیاردان لە بارەیەوە".
لە نووسراوەکەدا داوا لە سەرۆکوەزیرانی عێراق کراوە رێکاری "بەپەلە" بگرێتەبەر بۆ چارەسەری قەیرانی بەنزین لە هەرێمی کوردستان و پشکی هەرێمی کوردستان لە نەوتی خاو بۆ بەکارهێنانی ناوخۆیی زیاد بکرێت، یان بە بەنزین قەرەبوو بکرێتەوە بەو بڕەی کە پێویستە.
لەنێو ئەو پەرلەمانتارانەی واژۆیان لەسەر داواکارییەکە کردووە، پەرلەمانتاری شیعە و سوننە، فراکسیۆنەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستانى تێدایە.
سروە محەممەد، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی یەکێتی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بەوپێیەی داواکارییەکە لە بەرژەوەندیی خەڵکە، ئێمەش واژۆمان لەسەر کردووە".
بەگوێرەی رێککەوتنی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان کە لە ساڵی 2025 لەنێوان هەولێر و بەغدا واژۆ کراوە و ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدراڵی پەسندی کردووە، رۆژانە 50 هەزار بەرمیل نەوتی کێڵگەکانی هەرێمی کوردستان بۆ بەکارهێنانی ناوخۆیی بەکار دەهێنرێت بۆ بەرهەمهێنانی بەرهەمەکانی بەنزین و نەوت و پێکهاتەی دیکە.




