رووداو دیجیتاڵ
لە پێنج مانگدا پارەی سپاردەکراو لە بانکە حکومییەکانی عێراق چوار تریلیۆن دینار و لە بانکە بازرگانییەکان پێنج تریلیۆن دینار کەمیکردووە، راوێژکارێکی سەرۆکوەزیرانی عێراق دەڵێت، ئەوە ئاماژەیە بۆ پاشەکشێ لە چالاکیی ئابووری و رێژەکانی گەشە.
لە ماوەی پێنج مانگی یەکەمی ئەم ساڵدا، سپاردەی دارایی لە بانکە حکومییەکان کە لە کانوونی دووەم تاوەکو کۆتایی ئایار دەگرێتەوە، چوار تریلیۆن و 828 ملیار و 494 ملیۆن دینار کەمی کردووە، کە رێژەی کەمکردنەکە 5.4% بووە.
لە مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵدا، بڕی سپاردەی دارایی هاووڵاتیان بە هەردوو هەژماری بانکیی رەوان و پاشەکەوت 89.2 تریلیۆن دینار بووە، بەڵام لە مانگی ئایاردا بڕەکە کەمبووەتەوە بۆ 84.4 تریلیۆن دینار.
مەزهەر محەممەد ساڵح، راوێژکاری دارایی سەرۆکوەزیرانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئامارەکان دەریدەخەن، خاوبوونەوەیەکی رێژەیی لە گەشەی سپاردەی دارایی لە بانکەکاندا هەیە، کە ئەمەش ئاوێنەی پاشەکشێیە لە تێکڕای پارە پاشەکەوتکراوەکان لە بانکەکان یان زیادبوونی راکێشانی پارە، کە لە بەرامبەردا سپاردنی نوێ نەکراوە. ئەم دیاردەیە ئاماژەیە بۆ پاشەکشێیەکی رێژەیی لە چالاکیی ئابووری و رێژەکانی گەشە."
جگە لە راکێشانەوەی پارەی سپاردەکراو لەلایەن هاووڵاتییانەوە لە بانکە حکومییەکان، یەکێکی دیکە لە هۆکاری کەمبوونەوەی ئەو سپاردە داراییانە راکێشانی پارەی ئەو بانکانەیە لەلایەن وەزارەتی داراییەوە بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنانی خەرجییەکانی.
بەگوێرەی ئامارەکانی بانکی ناوەندی، بڕی پارەی سپاردەکراو لە بانکە ئەهلییەکان لەو پێنج مانگەدا 208 ملیار و 938 ملیۆن دینار کەمی کردووە.
بەرپرسی یەکێک لە بانکە ئەهلییەکان بە رووداوی گوت: "لە ماوەی چەند مانگی دوای جەنگ، هەستمان بەوە کردووە کە بەشێک لە هاووڵاتیان پارەکانیان لە بانک دەکێشنەوە، لە چوارچێوەی ئەوەی پێیدەگوترێت بە دۆلارکردن واتە گۆڕینەوەی دینار بۆ دۆلار، جگە لەوەی لە ماوەی جەنگدا پشکی وەرگرتنی دۆلار لە بانکی ناوەندی لەلایەن بانکە ئەهلییەکانەوە کەمتر بووەتەوە، ئەویش بەهۆی کەمبوونەوەی بازرگانیی دەرەکی."
لەو پێنج مانگەدا، پارەی سپاردەکراوی بانکە بازرگانییەکانیش زیاتر لە پێنج تریلیۆن دینار کەمی کردووە، واتە لە 109.3 تریلیۆن دینارەوە دابەزیوە بۆ 104.2 تریلیۆن دینار.
مەزهەر محەممەد ساڵح بە گرنگی دەزانێت بانکەکان سیاسەتێکی کاراتر پیادە بکەن بۆ هاندانی سپاردەکردنی دارایی و راکێشانی نەختینە.
ئەم ماوەیەی کە گۆڕانکاری و کەمبوونەوەی پارەی سپاردەکراو لە بانکەکاندا روویداوە، هاوکاتی ئاڵۆزییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا بووە، کە کاریگەریی لەسەر ئابووریی عێراق دروست کردووە، بەتایبەت بەهۆی کەمبوونەوەی داهاتی نەوت بۆ کەمتر لە نیوەی بڕی پێش جەنگ.
یەدەگی ناچاریی بانکە حکومییەکان حەوت تریلیۆن دینار کەمی کردووە
بەپێی داتاکانی بانکی ناوەندیی عێراق، کەرتی بانکیی عێراق لە نێوان ساڵانی 2024 بۆ 2026 رووبەڕووی گۆڕانکارییەکی گەورە بووەتەوە، داتاکان نیشان دەدەن کە متمانە و چالاکیی بانکە ئەهلییەکان رووی لە زیادبوونە، لە کاتێکدا بانکە حکومییەکان لە پاشەکشەدان.
بەپێی خشتەکان، قەبارەی "یەدەگی ناچاری" (Reserve Requirement) بۆ بانکە حکومییەکان لە مانگی یەکی ساڵی 2024دا لە بەرزترین ئاستدا بووە و گەیشتووەتە (نزیکەی 16.2 تریلیۆن دینار). بەڵام بەپێی پێشبینییەکان بۆ مانگی شەشی ساڵی 2026، ئەم بڕە بۆ نۆ تریلیۆن دینار دابەزیوە. واتە بە رێژەی نزیکەی 44%.
"یەدەگی ناچاری" ئەو بڕە پارە دیاریکراوەیە کە بانکە بازرگانییەکان (حکومی و تایبەتەکان) بەپێی یاسا و رێنماییەکانی بانکی ناوەندی دەبێت لای خۆیان یان لە بانکی ناوەندی بیپارێزن و ناتوانن وەک قەرز یان وەبەرهێنان بەکاری بهێنن.
هەڵکشانی بانکە ئەهلییەکان
لە بەرامبەردا، بانکە ئەهلییەکان گەشەیەکی بەرچاویان تۆمارکردووە. لە مانگی یەکی ساڵی 2024دا یەدەگی ناچاری ئەم بانکانە تەنیا 2.5 ملیۆن دینار بووە، بەڵام داتاکان دەریدەخەن لە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵ گەیشتووەتە 4.9 تریلیۆن دینار. ئەم گۆڕانکارییە ئاماژەیە بۆ زیادبوونی سپاردەی هاونیشتمانیان و کۆمپانیاکان لە بانکە تایبەتەکاندا.
نەختینەی زیادە و توانای دارایی بانکەکان
سەبارەت بە "هەژماری رەوانی زیادە" (Excess Current Account) کە گوزارشت لەو پارە کاشە دەکات کە لە بانکەکاندا دەمێنێتەوە، ساڵی 2024 ساڵی "لووتکەی کاش" بووە. لە مانگی شەشی 2024دا بڕی کاشی زیادە گەیشتووەتە 39.8 تریلیۆن دینار.
بەڵام لە ساڵی 2025 و نیوەی یەکەمی 2026، ئەم بڕە روو لە دابەزین دەکات و لە نێوان 17 بۆ 24 تریلیۆن دیناردا جێگیر بووە. ئەم دابەزینە لە دیدی ئابووریناسانەوە دەکرێت وەک نیشانەیەک بۆ بەکارهێنانی ئەو پارانە لە وەبەرهێنان یان تووندکردنەوەی رێکارە نەختینەییەکانی بانکی ناوەندی بێت.


