رووداو دیجیتاڵ
پەرلەمانی عێراق رێکارەکانی دەرچوواندنی یاسایەک دەستپێدەکات بۆ گەڕاندنەوەی پارە و موڵک و ماڵی گەندەڵی لە ناوەوە و دەرەوەی وڵات؛ پاداشتی 5%ـی قەبارەی گەندەڵییەکە دەدرێتە ئەو کەسانەی زانیاری لەبارەی گەندەڵییەکە دەدەن، بەڵام ئەگەر زانیارییەکان ناڕاست بن، ئەو کەسە بەند دەکرێت. هەروەها وردبینی لە هەژماری بانکی و مامەڵە داراییەکانی خاوەن پلە باڵاکان و کەسوکاریان دەکرێت کە لە ماوەی 22 ساڵی رابردوودا کردوویانە.
رۆژی پێنجشەممە، 13ـی ئابی 2026، لە دانیشتنی پەرلەمانی عێراقدا خوێندنەوەی یەکەم بۆ پێشنیازەیاسای گەڕاندنەوەی پارەی گەندەڵی دەکرێت. رەشنووسی ئەو پێشنیازەیاسایە دەست رووداو کەوتووە کە لە 45 ماددە پێکهاتووە.
لە دوایین ماددەیدا هاتووە کە ئامانج لە دەرچوواندنی یاساکە، بەهێزکردنی توانای دەستەی دەستپاکییە بۆ گەڕاندنەوەی پارەی گەندەڵی و لێپێچینەوە لە داواکراوان و سزادراوانی دۆسیەکانی گەندەڵی لە ناوەوە و دەرەوەی عێراق، بە هاوکاریی وەزارەتی دەرەوە، داواکاری گشتی و دیوانی چاودێریی دارایی.
عومەر کۆچەر، ئەندامی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەو پێشنیازەیاسایە پێشتر لەلایەن سەرۆکایەتیی کۆمارەوە ئاراستەی پەرلەمان کراوە."
بەگوێرەی دەقی پێشنیازەکە، لە ساڵی 2021ـدا ئاراستەی پەرلەمان کراوە، بەڵام کاری لەسەر نەکراوە، بەگوتەی بەرپرسان دەرچوواندنی ئەم یاسایە ئاسانکاری دەکات بۆ گەڕاندنەوەی ئەو پارە و موڵکانەی لە دەرەوەی عێراقن و سەرچاوەکەیان گەندەڵییە.
پێشنیازەیاساکە جگە لە پارە، ئەو موڵکانەش دەگرێتەوە کە لە چوارچێوەی دۆسیەی گەندەڵیدا بەکارهاتوون یان بەدەستهاتوون.
دادگای تایبەتمەند لە عێراق بۆی هەیە لەسەر پێشنیازی سەرۆکی دەستەی دەستپاکی، پارە و داهاتی تاوانی گەندەڵی سڕ بکات و دەشتوانێت دواتر بڕیارەکە بیگۆڕێت بۆ دەستبەسەرداگرتن.
پێشنیازەیاساکە دامەزراوە داراییەکان ناچار دەکات بە سەرپەرشتیی بانکی ناوەندی لێکۆڵینەوە لە ناسنامەی ئەو کەسانە بکەن، کە مامەڵەیان لەگەڵ دەکەن و رێکاری پێویست لە دژی ئەو کەسانە بگرنەبەر، کە سپاردە داراییەکانیان لە هەژمارە بانکییەکانیاندا لە یەک ملیۆن دۆلار زیاتر بێت.
ئەم پێشنیازە بەرپرسانی باڵا، ئەندامانی خێزانەکانیان و کەسە نزیکەکانیان دەگرێتەوە و کاریگەرییەکەی تاوەکو سێ ساڵ دوای دەستبەرداربوونیان لە پۆستەکانیان بەردەوام دەبێت.
ئەگەر دامەزراوە داراییەکان هەر مامەڵەیەکی داراییان بەدی کرد کە بڕەکەی لە 500 هەزار دۆلار زیاتر بێت، یان مامەڵەکە گوماناوی بێت و هی پلەباڵاکان و کەسە نزیکەکانیان بێت، پێویستە دەستەی دەستپاکی لێ ئاگادار بکرێتەوە بۆ ئەوەی بەدواداچوونی لەبارەوە بکرێت.
پێویستە بانکی ناوەندی و دەستەی دەستپاکی ئاگادار بکرێنەوە لەو خاوەن پلە باڵایانەی کە مامەڵەی دارایی، حەواڵەکردن و قەرزی حکوومییان هەبووە لە یەکی کانوونی دووەمی 2004ـەوە.
خاوەن پلە باڵاکان رەزامەندییەکی نووسراو دەدەنە دەستەی دەستپاکی و لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ ئەوەی بتوانن داوای زانیاری لەو وڵاتانە بکەن کە ئەو بەرپرسە هەژماری بانکیی تێدا هەیە و نهێنیبوونی لەسەر هەڵبگیرێت.
دەستەی دەستپاکی هاوئاهەنگی لەگەڵ دەزگای هەواڵگری دەکات بۆ وردبینی لەو مامەڵە دارایی، حەواڵە و هەژمارە بانکییانەی پلە باڵاکان هەیانە، ئەگەر پارەیەکی گەندەڵی تێکەڵ بە پارەی دیکە بێت، بەگوێرەی هەڵسەنگاندنی قەبارەی گەندەڵییەکە قەبارەکەی دەخەمڵێندرێت.
هەر کەسێک یان دامەزراوەیەک زیانلێکەوتووی دۆسیەیەکی گەندەڵی بێت، دەتوانێت داوای قەرەبوو بکات و دادگاکان پابەند دەبن بەوەی قەرەبوویەکی دادپەروەرانەی بکەنەوە.
هەر تۆمەتبارێک تۆمەتی گەندەڵی بەسەردا ساخ ببێتەوە و لە پۆستەکەی دوور بخرێتەوە، ناگەڕێندرێتەوە جێگەکەی، تەنانەت ئەگەر یاسای لێبووردنی گشتیش بیگرێتەوە.
پاداشتی 5%ـی قەبارەی گەندەڵی بەگوێرەی پرۆژەیاساکە، سەرۆکی دیوانی چاودێریی دارایی یان دەستەی دەستپاکی بۆیان هەیە پاداشتێک بدەنە ئەو کەسەی زانیاری لەسەر دۆسیەیەکی گەندەڵی دەدات، بەو مەرجەی قەبارەی گەندەڵییەکە لە 25 ملیۆن دینار کەمتر نەبێت؛ پاداشتەکەشی لەنێوان 1% بۆ 5%ـی قەبارەی گەندەڵییەکە دەبێت.
ئەگەر قەبارەی پارەی گەندەڵییەکە گەیشتە زیاتر لە 500 ملیۆن دینار، پاداشتەکەی زیاتر لە 1% دەبێت.
خەرجکردنی پارەی پاداشتەکە بە شێوەیەک دەبێت کە لەگەڵ گەیاندنی زانیارییە دروستەکە لەسەر گەندەڵییەکە، 5%ـی بڕی ئەو پاداشتەی شایستەیەتی دەدرێت و 95%ـی پاداشتەکەی دوای گەڕانەوەی پارە گەندەڵییەکە پێدەدرێت.
هەر کەسێک زانیاریی ناڕاست لەبارەی دۆسیەیەکی گەندەڵی بدات، سزاکەی بەندکردن دەبێت بەگوێرەی یاسای سزادانی عێراق.
گەڕانەوەی پارەی گەندەڵی
ئەو پارانەی بەهۆی گەندەڵییەوە دەستکەوتوون و براونەتە دەرەوە، بەگوێرەی پێشنیازەیاساکە، پارە، موڵک، ماڵ، ئامێر و شتی دیکە دەگرێتەوە.
دەستەی دەستپاکی بە هاوئاهەنگی لەگەڵ وەزارەتی دەرەوە کار بۆ واژۆکردنی رێککەوتنی دووقۆڵی لەگەڵ وڵاتان دەکات لەبارەی رادەستکردنەوەی گەندەڵکاران و پارەکانیان کە براونەتە دەرەوە.
پێویستە گرێبەست لەگەڵ کۆمپانیاکانی وردبینی و بەدواداچوونی جیهانی بکرێت بۆ گەڕان بەدوای پارە براوەکانی عێراق بۆ دەرەوە یان داهاتەکانی دۆسیەی گەندەڵی و بڕە پارەیەک کە لە 5%ـی قەبارەی گەندەڵییەکە زیاتر نەبێت دەدرێتە ئەو کۆمپانیایانە.


