رووداو - ديجيتاڵ
ئەنجوومەنی پارێزگای سەلاحەدین کۆدەبێتەوە بۆ تاوتوێکردنی راپۆرتێک کە لیژنەی دەستپاکیی ئەنجوومەنەکە لەبارەی دۆسیەکانی گەندەڵی ئەو پارێزگایە ئامادەی کردووە.
دووشەممە 18ی ئابی 2026، یاسین داودی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سەلاحەدین بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەمڕۆ ئەنجوومەنی پارێزگا کۆدەبێتەوە و یەکێک لە خاڵەکانی کارنامەکە ئەوەیە کە لیژنەی دەستپاکی راپۆرتێک لەبارەی دۆسیەکانی گەندەڵی پارێزگاکە پێشکەش دەکات و وەک ئەندامانی ئەنجوومەن تاوتوێی دەکەین."
ئەو هەنگاوەی ئەنجوومەنی پارێزگای سەلاحەدین لەکاتێکدایە کە زیاتر لە 50 کەس لەو سنوورە لەسەر دۆسیەی جیاوازی گەندەڵی دەستگیرکراون.
یاسین داودی رایگەیاند، لەسەر بنەمای ئەو راپۆرتەی لیژنەی دەستپاکی، رێکاری پێویست دەگرنەبەر.
تاوەکو ئێستا دوو پارێزگاری پێشووی سەلاحەدین لەسەر دۆسیەکانی گەندەڵی یان دەستگیرکراون یان بە نائامادەبوون لەلایەن دادگاوە سزا دراون، کە دوایینیان عەممار جبووری، پارێزگاری پێشووتری سەلاحەدین بوو کە بە تاوانی دەستکەوتنی پارە بە شێوەیەکی ناڕەوا، بە حەوت ساڵ زیندانیکردن سزا درا.



