رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی عێراق هۆشداری دەدات لە هەوڵەکانی هەڵوەشاندنەوەی ئەنجوومەنی پارێزگاکان و رایدەگەیێنێت، عێراق بەرەو ناوەندی هەنگاو دەنێت، ئەوەش نەک تەنیا بۆ پارێزگاکان، بەڵکو مەترسییە بۆ سەر قەوارەی هەرێمی کوردستانیش.
د. عومەر کۆچەر، ئەندامی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی عێراق، لەکاتی بەشداریکردنی لە بوڵتەنی هەواڵەکانی کاژێر 13:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو رایگەیاند، یاسای ژمارە 21ـی ساڵی 2008 کە پاڵپشتە بە مادەی 122ـی دەستوور، مافێکی چەسپاوە و بەهیچ شێوەیەک رێگە نادرێت ئەنجوومەنی پارێزگاکان هەڵوەشێندرێنەوە.
"هەوڵێک بۆ گەڕانەوەی ناوەندی"
لەنێو ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، جارێکی دیکە دەنگی هەڵوەشاندنەوەی ئەنجوومەنی پارێزگاکان بەرزبووەتەوە، کە بیانووەکەی کەمکردنەوەی خەرجییەکانی دەوڵەتە لەکاتی قەیرانی داراییدا.
د. عومەر کۆچەر دەڵێت: "عێراق ئێستا بەرەو ناوەندی هەنگاو دەنێت. دوور نییە سبەی ئەم گوشارە بۆ سەر هەرێمی کوردستانیش دروستببێت. ئەم یاسایە بۆ ئەوە دانراوە کە پارێزگاکان سەربەخۆیی دارایی و کارگێڕییان هەبێت و جارێکی دیکە مافی پێکهاتەکان پێشێل نەکرێتەوە."
کاریگەریی لەسەر کەرکووک
ئەو پەرلەمانتارە ئاماژە بەوە دەکات کە ئەگەر ئەو پرۆژەیە سەربگرێت، هاوکێشە سیاسی و ئیدارییەکانی کەرکووک جارێکی دیکە تێکدەچنەوە و چارەنووسی ئاڵوگۆڕی پۆستی پارێزگار و مافی پێکهاتەکان دەکەوێتە نێو دۆخێکی ناڕوونەوە.
یاسا و دەستوور چی دەڵێن؟
بە گوتەی ئەو ئەندامەی لیژنەی یاسایی، مادەی 122ـی دەستوور لە پێنج بڕگەدا دەسەڵاتی فراوانی بە پارێزگاکان داوە، هەروەها ئاماژەی بەوەکرد، سیستەمی عێراق فیدراڵی و پەرلەمانییە، نابێت دەسەڵات تەنیا لە مەرکەزدا بێت.
لە ساڵی 2019 پەرلەمان هەوڵی کۆتاییهێنانی بە ئەنجوومەنەکان دا، بەڵام دادگەی فیدراڵی رەتیکردەوە. دادگەی فیدراڵی رایگەیاندووە کە پەرلەمان دەسەڵاتی سڕینەوەی "رەسەنایەتیی" بوونی ئەنجوومەنەکانی نییە، چونکە مادەیەکی جێگیری دەستوورییە.
گەندەڵی و بیانووەکان
سەبارەت بەو دەنگانەی دەڵێن ئەنجوومەنی پارێزگاکان بوونەتە هۆی گەندەڵی، د. عومەر کۆچەر گوتی: "گەندەڵی لە هەموو دامودەزگاکاندایە، چارەسەر لێپرسینەوەیە لە گەندەڵکاران نەک هەڵوەشاندنەوەی سیستەمەکە. ئیدارەی سەربەخۆ لە قازانجی هاووڵاتییانە."
ئەو پەرلەمانتارە نموونەی ئەمریکای هێنایەوە و باسی لەوەکرد کە چۆن لەوێ پارێزگار و ئەنجوومەنەکان راستەوخۆ لەگەڵ خەڵک کۆدەبنەوە بۆ بڕیاردان لەسەر پرۆژە خزمەتگوزارییەکان، جەختیشیکردەوە کە "پارێزگارێک لە ناوەندەوە دابمەزرێت، دەستی خەڵکی پێناگات."
د. عومەر کۆچەر داوایکرد لەجیاتی هەڵوەشاندنەوە، دەسەڵاتی ئەنجوومەنەکان زیاتر بکرێت بۆ ئەوەی رۆڵی راستەقینەی خۆیان لە خزمەتکردنی خەڵکدا ببینن.


