رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی نوێترین راپرسی و لێکۆڵینەوەی وەزارەتی پلاندانانی عێراق کە دەست رووداو کەوتووە، گەندەڵی و خزمخزمێنە لە نێو دامەزراوە حکومییەکانی عێراقدا بە رێژەیەکی بەرز ماوەتەوە. راپۆرتەکە ئاشکرای دەکات کە "پێگەی خێڵەکی" فاکتەری سەرەکین لە دامەزراندنی فەرمانبەران و نزیکەی 25%ـی ئەو هاووڵاتییانەی مامەڵەیان لە فەرمانگەکاندا هەبووە، بەرتیلیان داوە.
لێکۆڵینەوەکە کە نموونەی زیاتر لە نۆ هەزار و 800 فەرمانبەری لە پارێزگاکانی عێراق (جگە لە هەرێمی کوردستان) وەرگرتووە، دەریخستووە، پرۆسەی دامەزراندن لە عێراق بەدەست چەندین کێشەوە دەناڵێنێت. بەپێی داتاکان، 72.9%ـی فەرمانبەران پێیان وایە "رەگەز" کاریگەریی یەکەمی لەسەر وەرگرتن هەیە، دوای ئەویش "پێگەی خێڵەکی" بە رێژەی 50.1%. ئەوەی جێگەی سەرنجە، 33.9%ـی فەرمانبەران دانیان بەوەدا ناوە کە "پێدانی بەرتیل" یەکێک بووە لە فاکتەرە کاریگەرەکان بۆ وەرگرتنیان.
بەرتیل؛ "دیاری" بۆ خێراکردنی مامەڵەکان
لە راپۆرتەکەدا هاتووە، بەرتیلدان لە ساڵی 2025 و سەرەتاکانی 2026دا لە نێو ئەو هاووڵاتییانەی سەردانی فەرمانگەکانیان کردووە، گەیشتووەتە 24.5%. هۆکاری سەرەکیی بەرتیلدان بە گوتەی بەشداربووان "خێراکردن لە راپەڕاندنی مامەڵەکان" بووە بە رێژەی 37.6%، دوای ئەویش "راییکردنی مامەڵەی نایاسایی" بە رێژەی 20.2% دێت.
زۆربەی بەرتیلەکان لە ژێر ناوی "دیاری"دا دەدرێن کە رێژەکەی 52.2%ـە، لە کاتێکدا بەرتیلی نەختینەیی (پارەی کاش) 24.3%ـی جۆری بەرتیلەکان پێکدەهێنێت.
گومان لە جیدییەتی حکومەت و ترسی فەرمانبەران
راپۆرتەکەی وەزارەتی پلاندانانی عێراق ئاماژە بەوە دەکات کە فەرمانبەران متمانەیان بە هەنگاوەکانی دەوڵەت نییە بۆ بنبڕکردنی گەندەڵی، بە جۆرێک تەنیا 28.1%ـی فەرمانبەران پێیان وایە حکومەت لە شەڕی دژی گەندەڵیدا "جیدییە".
هەروەها ترسێکی گەورە لە نێو فەرمانبەراندا هەیە بۆ ئاشکراکردنی گەندەڵی، بە جۆرێک 54.7%ـی فەرمانبەران رایانگەیاندووە ئامادە نین هەواڵ بدەن لەسەر گەندەڵی، چونکە دەترسن "زانیارییە کەسییەکانیان دزەی پێ بکرێ" و رووبەڕووی سزای کارگێڕی یان خێڵەکانیان ببنەوە؛ هەروەها 17.5%ـی فەرمانبەران ئەو کەسانەی گەندەڵی ئاشکرا دەکەن بە "کەسانی ئاژاوەگێڕ" ناودەبەن.
لە تێڕوانینی فەرمانبەرانی عێراقدا وەزارەتی دارایی بە رێژەی 15.9% لە پلەی یەکەمی ئەو وەزارەتانە دێت کە گەندەڵی تێدایە، دوای ئەویش وەزارەتی تەندروستی و ژینگە بە رێژەی 15.3% دێت. سەبارەت بە پلە وەزیفییەکانیش، 45.7%ـی بەشداربووان پێیان وایە "بەڕێوەبەرە گشتییەکان" زیاترین دەستیان لە گەندەڵی و وەرگرتنی بەرتیل هەیە، بەوپێیەی خاوەن دەسەڵاتی بڕیاردان و واژۆکردنی گرێبەستەکانن.
سەبارەت بە ئەزموونی ناناوەندی و گواستنەوەی دەسەڵات بۆ پارێزگاکان، راپۆرتەکە دەڵێ، 39.4%ـی فەرمانبەران پێیان وایە ئەم هەنگاوە نەوەک خزمەتگوزاریی باشتر نەکردووە، بەڵکو "گەندەڵی، واستە و خزمخزمێنەی" زیاتر کردووە.
حکومەتی عێراق لە رۆژی 28ـی حوزەیرانی ئەم ساڵەوە هەڵمەتێکی لەژێر ناوی (هەڵمەتی بەرەبەیان) دەستپێکرد. لە چوارچێوەی ئەو هەڵمەتەدا چەندین پەرلەمانتار و بەرپرس بە تۆمەتی گەندەڵی دەستگیرکراون.
بەگوێرەی حکومەتی عێراق، لە چوارچێوەی هەڵمەتەکەدا زیاتر لە تریلیۆنێک و 359 ملیار دینار گەڕێندراوەتەوە گەنجینەی دەوڵەت.
.webp&w=3840&q=75)
