رووداو دیجیتاڵ
دابینکردنی دۆلار لەلایەن بانکی ناوەندیی عێراقەوە بۆ گەشت و بازرگانیی دەرەکی کەم بووەتەوە. ئەندامێکی لیژنەی دارایی دەڵێت، ئەم کەمبوونەوەیە پەیوەندی بە کەمبوونەوە هەناردەی نەوت و نەناردنی دۆلاری نەختینە لەلایەن بانکی فیدراڵیی ئەمریکاوە هەیە.
بەرپرسانی چەند بانکێک بۆ رووداویان پشتڕاستکردەوە، ماوەیەکە پشکیان لە دۆلاری نەختینەیی بانکی ناوەندی کەم بووەتەوە، بەتایبەت ئەوەی پەیوەندیدارە بەو دۆلارەی دەدرێتە گەشتیاران.
بانکی ناوەندی 100 دۆلار بە نرخی فەرمى 130 هەزار و 500 دینار بە گەشتیاران دەفرۆشێت و هەر گەشتیارێک بۆی هەیە 2000 دۆلار بەو نرخە لەو بانکانە وەربگرێت.
بەرپرسی یەکێک لەو بانکانەی مامەڵەی دۆلاری لەگەڵ بانکی ناوەندیدا هەیە و بەهۆی هەستیاریی بابەتەکەوە نەیوست ناوی بڵاوبکرێتەوە، بە رووداوی گوت: "ئەو بڕە دۆلارەی ئێستا مانگانە وەریدەگرین وەک پشکەکەمان، نزیکەی پێنج یەکی پێشووە، ئەوە جگە لەوەی مامەڵەی بازرگانان بۆ هاوردەکردنی کاڵا لە رێگەی بانکی ناوەندییەوە درەنگ دەکەوێت، پێشتر حەوت بۆ هەشت رۆژی دەویست، بەڵام ئێستا نزیکەی مانگێکی پێدەچێت".
سەرچاوەی دۆلاری بانکی ناوەندیی عێراق، فرۆشی هەناردەی نەوتە، کە دەچێتە سندووقێکی تایبەت بە عێراق لە ئەمریکا و لەلایەن بانکی فیدراڵیی ئەو وڵاتەوە سەرپەرشتی دەکرێت، بەشێکی بەکاش دەنێردرێت بۆ بەغدا و ئەوی دیکەی بۆ هاوردەکردنی کاڵا بەکاردێت.
جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "کەمبوونەوەی دۆلاری بانکی ناوەندی بۆ بانکەکان، پەیوەندی بە چەند هۆکارێکەوە هەیە؛ لەوانە ئەو بڕە پارەیەی بە کاش لەلایەن بانکی فیدراڵیی ئەمریکاوە دەنێردرا بۆ عێراق، کەم بووەتەوە. ئەوی دیکەیان پەیوەندیدارە بە کەمبوونەوەی هەناردەی نەوت و فرۆشتنی بە نرخی کەمتر لە 20 دۆلار لە نرخی بازاڕ، هەروەها رێکارەکانی بانکی ناوەندیش بۆ فرۆشتنی دۆلار تووندتر بووەتەوە بۆ رێگری لە بەقاچاخبردن".
هەناردەی نەوتی عێراق لە دوای جەنگی ئێران و ئەمریکاوە بۆ کەمتر لە نیوە دابەزیوە. لە مانگی ئابدا گەیشتەوە بە نزیکەی سێ ملیۆن بەرمیل نەوت، لەکاتێکدا بەر لە جەنگ رۆژانە زیاتر لە 3.2 ملیۆن بەرمیل بووە.
جەمال کۆچەر دەڵێت، ئەو نەوتەی عێراق لە رێگەی بەندەری جەیهانەوە دەیفرۆشێت دەچێتە بانکی فیدراڵیی ئەمریکا و ئەوی دیکە کە بە کەمکردنەوە لە بەندەرەکانى بەسرە دەیفرۆشێت، راستەوخۆ پارەکەی دەنێرێت بۆ عێراق بەبێ تێپەڕبوون بە بانکی فیدراڵی.
عێراق مانگانە پێویستی بە نزیکەی شەش ملیار دۆلارە بۆ هاوردەکردنی کاڵا، کە بە پێوەرەکانی بانکی فیدراڵیی ئەمریکا تێپەڕ دەبێت.
موزھر محەممەد ساڵح، راوێژکاری دارایی سەرۆکوەزیرانی عێراق لەبارەی کەمبوونەوەی دۆلاری دەستەبەرکراو لەلایەن بانکی ناوەندی بۆ بازرگانیی دەرەکی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەو پرسە پەیوەندیدارە بە حەواڵەی دەرەکی لە رێگەی بانکە بیانییە نێوەندگیرەکانەوە، نەک دۆلاری کاش کە بۆ گەشتیاران دێت و بڕێکی دیاریکراو و کەمە".
نزیکەی 90٪ی داهاتی عێراق بە دۆلارە، کە لە رێگەی بانکی ناوەندییەوە دەکرێتە دینار بە پشتبەستن بە رێکارەکانی دۆلار لەلایەن بازرگانانەوە بۆ هاوردەکردنی کاڵا.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە بەغدا بە رووداوی گوت: "جگە لە کەمبوونەوەی هەناردەی نەوت، یەکێک لە هۆکارەکانی کەمبوونەوەی دابینکردنی دۆلار لەلایەن بانکی ناوەندییەوە ئەوەیە کە بۆ بازرگانیی دەرەکی زیاتر گرنگی بە هاوردەکردنى کاڵا بنەڕەتییەکانى وەک خۆراک دەدات وەک لە کاڵا لاوەکییەکان بۆ پێدانى دۆلار بە بازرگانان، هۆکارێکى دیکە ئەوەیە یەدەگى بانكى ناوەندى لە دۆلار کەمیکردووە".
بەگوێرەی ئاماری بانکی ناوەندیی عێراق، لە شەش مانگی یەکەمی ئەم ساڵدا یەدەگی بانکی ناوەندی 86.1 ملیار دۆلار بووە کە بەراورد بە شەش مانگی پێشوو خۆی زیاتر لە 11٪ کەمیکردووە، ئەو کەمبوونەوەیە پەیوەندیدارە بە قەرزدان بە وەزارەتی دارایی بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنانی خەرجییەکان کە مانگانە پێویستی بە نزیکەى 11 تریلیۆن دینارە.



