رووداو دیجیتاڵ
ناوی بەربژێرانی 9 وەزارەتە بەتاڵەکەی کابینەی حکومەتی عێراق لەگەڵ چوار جێگرەکەی سەرۆکوەزیران رادەستی هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی کرا؛ سەرکردەیەکی عەسائیب دەڵێت، لەیس خەزعەلی و موحسین مەندەلاوی دەبنە دوو لە جێگرەکانی سەرۆکوەزیران، چاوەڕوانیش دەکرێت بەم نزیکانە لە پەرلەمان دەنگیان لەسەر بدرێت.
رۆژی سێشەممە، 6ی تشرینی یەکەمی 2026، حوسام روبەیعی، گوتەبێژی هاوپەیمانیی خەدەمات (لە چوارچێوەی هاوئاهەنگی) بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "شەوی رابردوو ناوی بەربژێرانی وەزارەتە بەتاڵەکان بە فەرمی رادەستی هاوپەیمانییەکە کراوە بە مەبەستی تاوتوێکردن و یەکلاکردنەوەیان."
سەبارەت بە کاتی دەنگدان بەو 9 وەزیرە و چوار جێگرەکەی سەرۆکوەزیران، روبەیعی گوتی: "پێشبینیش دەکەین هەفتەی داهاتوو لە پەرلەمان دەنگیان لەسەر بدرێت."
لە دانیشتنی 14ی ئایاری رابردووی پەرلەمانی عێراق دا، متمانە بە 14 وەزیری حکومەت بەخشرا، بەڵام 9 وەزارەت بە بەتاڵی مانەوە کە بریتین لە: خوێندنی باڵا، ناوخۆ، بەرگری، پلاندانان، کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، وەرزش و لاوان، رۆشنبیری، کۆچ و کۆچبەران، لەگەڵ ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن.
عەقیل ردێنی، گوتەبێژی هاوپەیمانیی نەسر بە رووداوی گوت: "چوارچێوەی هاوئاهەنگی سەرقاڵی تاوتوێکردنی سیڤیی بەربژێرانن؛ هەرکات گەیشتنە رێککەوتنی کۆتایی دەبرێنە پەرلەمان و متمانەیان پێدەدرێت، کە یان پێنجشەممە 8ى تشرینی یەکەم دەبێت، یان دەکەوێتە هەفتەى داهاتوو" گوتیشی: "لە دانیشتنەکەشدا دەنگدان بە شێوەی یەک پاکێج نابێت، بەڵکو وەزیر بە وەزیر دەنگیان لەسەر دەدرێت."
لە کۆی ئەو 9 وەزارەتە: پێکهاتەی سوننە سێ وەزارەت، کورد یەک وەزارەت، کریستیان یەک وەزارەت و چوار وەزارەتەکەی دیکەش بەر لایەنەکانی شیعە دەکەون.
حوسێن شەیحانی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی سادیقوون (باڵی سیاسیی عەسائیبی ئەهلی حەق) بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لەگەڵ وەزارەتەکاندا، دەنگ لەسەر چوار جێگرەکەی سەرۆکوەزیرانیش دەدرێت؛ لەسەر پشکی شیعە لەیس خەزعەلی دەبێتە جێگری سەرۆکوەزیران بۆ کاروباری خزمەتگوزاری."
لە چوار جێگرەکەى سەرۆکوەزیران، دووانیان بۆ شیعە دەبێت و دووانەکەى دیکەش بۆ کورد و عەرەبى سوننە دەبن.
گوتەبێژی هاوپەیمانیی خەدەمات رایگەیاند، جێگری دووەمی شیعە دەدرێتە موحسین مەندەلاوی (سەرۆکی هاوپەیمانیی ئەساس)، جێگری سێیەم بۆ محەممەد تەمیم دەبێت لە پشکی عەرەبی سوننە (پارتی تەقەدووم).



.jpg&w=3840&q=75)