رووداو دیجتیاڵ
شەپۆلێکی خۆڵبارین بەغدا، ئەنبار و ژمارەیەک پارێزگای دیکەی عێراقی گرتوەتەوە. کەشناسیی عێراق دەڵێ، پێشبینی دەکرێ خۆڵبارینەکە تاوەکو کاژێرەکانی درەنگانی ئەمشەو بەردەوام بێت. بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی عێراق هۆشداری دەدات و چەند رێنماییەکی لەبارەی خۆڵبارین بڵاوکردەوە.
عامر جابری، گوتەبێژی دەستەی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی عێراق، ئەمڕۆ سێشەممە، 6ی تشرینی یەکەمی 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەم شەپۆلی خۆڵبارینە ئەنجامی کاریگەریی بەرزەپەستانێکی کەشە."
بە گوتەی عامر جابری، سەرەتا پێشبینی دەکرا کاریگەریی خۆڵبارینەکە زیاتر لەسەر ناوچەکانی رۆژئاوا و پارێزگای سەلاحەدین بێت، بەڵام بەهۆی گۆڕانی خێرایی و ئاراستەی با، کاریگەرییەکەی گەیشتووەتە بەغدا، نەجەف، کەربەلا و ناسریە.
عامر جابری گوتیشی: "پێشبینی دەکەین ئەم دۆخە تاوەکو کاژێرەکانی داهاتووی ئەمشەو بەردەوام بێت".
سەبارەت بە هەرێمی کوردستان، گوتەبێژی دەستەی کەشناسیی عێراق رایگەیاند: "هیچ ئاماژەیەک نییە کە خۆڵبارینەکە هەرێمی کوردستان بگرێتەوە. خۆڵبارینەکە کاریگەرییەکەی تەنیا لەسەر رۆژئاوا، نێوەڕاست و باشووری عێراقە."
لای خۆیەوە، ئاسۆ کەمال، شارەزای کەشناسی، ئەمڕۆ سێشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەمڕۆ لە هەندێک کاتی جیاوازدا تەپوتۆز لە هەرێمی کوردستان هەبوو، بەڵام کاریگەرییەکی کەم و سنووردار بوو، چونکە شەپۆلی خۆڵبارینەکە زیاتر ناوچەکانی رۆژئاوا، نێوەڕاست و باشووری عێراقی گرتووەتەوە.
بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی عێراق، ئێوارەی سێشەممە، 6ـی تشرینی یەکەمی 2026 لە راگەیێندراوێکدا چەند رێنماییەکی بۆ هاووڵاتییان لە کاتی خۆڵباریندا بڵاوکردەوە و داوای کرد، بۆ پاراستنی سەلامەتیی گیانیان، پابەندی رێنماییەکان بن.
بەڕێوەبەرایەتییەکە بە هاووڵاتییان دەڵێ، لەبەر ئەگەری پچڕانیان و بوونی تەزووی کارەبا تێیاندا، نابێت لە وایەری کارەبا نزیک بکەونەوە؛ هەروەها پێویستە خۆتان لە باڵەخانە تەواونەکراوەکان و ئەوانەی مەترسیی رووخانیان لەسەرە بەدوور بگرن، چونکە ئەگەری هەیە بەهۆی کاریگەریی خۆڵبارینەوە پارچەیان لێ ببێتەوە.
لە بەشێکی دیکەی رێنماییەکاندا بۆ هاووڵاتییان هاتووە: "مەچنە ژێر دارە گەورەکان و لە ژێریاندا مەوەستن، چونکە ئەگەری هەیە بەهۆی بای بەهێزەوە بکەون یان لقەکانیان بشکێن؛" هەروەها داوا لە شۆفێران کراوە، لەکاتی لێخوڕیندا ئاگاداربن، چونکە بەهۆی خۆڵبارینەوە مەودای بینین کەم دەبێتەوە و پێویستە پابەندی هێما و رێنماییەکانی هاتووچۆ بن.
بۆ پاراستنی کەلوپەلی نێو ماڵ، پێویستە دەرگا و پەنجەرەکان بە باشی دابخرێن؛ هەروەها دڵنیایی بە منداڵان بدرێ و لەبارەی سرووشتی خۆڵبارینەکە هۆشیار بکرێنەوە، بۆ ئەوەی ترس و دڵەڕاوکێیان کەم بێتەوە، بەتایبەتی کە دەنگی بەهێز لەگەڵ بادا دەبێت.
بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی عێراق داوای لە هاووڵاتییان کردووە، لەکاتی پەڕینەوە لە شەقامەکان ئاگادار بن، بەتایبەتی بە شەواندا، چونکە خۆڵی چڕ مەودای بینینی شۆفێران کەم دەکاتەوە. هەروەها ئەو کەلوپەلانەی ئەگەری بابردنیان هەیە، لە سەربان و باڵکۆنەکان لاببرێن، بۆ ئەوەی بەسەر هاووڵاتییاندا نەکەون.
لە رێنماییەکاندا ئاماژە بەوەش کراوە، پێویستە هاووڵاتییان لەژێر تابلۆ گەورەکانی رێکلام و ئەو پێکهاتە کانزاییانەی ئەگەری کەوتنیان هەیە، نەوەستن. جگە لە کاری زۆر پێویست، گەشت و هاتووچۆ نەکرێ و لە کاتی ناچاریدا گڵۆپی ئاگادارکردنەوە (چواری) هەڵبکرێ.
