رووداو دیجیتاڵ
ئەو کاڵایانەى لە رێگەى سیستمى ئەسیکۆداوە و بە بەهاى نوێى دۆلار دەگەنە عێراق و هەرێمى کوردستان، بۆ رێگەى دەریایی 50 رۆژ و وشکانی پێنج رۆژى پێدەچێت، ئەو بازرگانانەى پێشوەختە کاڵاکانیان بە دینار فرۆشتووە زەرەمەندى یەکەم دەبن.
لە 7ى تشرینى یەکەمەوە بانکى ناوەندیى عێراق لە رێگەى سیستمى ئەسیکۆداوە کارى بە بەهاى نوێى دۆلار بەرامبەر بە دۆلار کرد (یەک دۆلار بەرامبەر 1510 دینار) بۆ هاوردەکردنى کاڵا، کە پێشتر یەک دۆلار بە 1310 دینار هەژمار کرابوو.
بەرپرسى یەکێک لە کۆمپانیاکانى تایبەت بە حەواڵەکردنى دۆلارى بانکى ناوەندیى عێراق بە رووداوى گوت: "لە چوارشەممەوە مامەڵەکانى بازرگانى بە 150 هەزار دینار دەستىپێکردووە".
بەگوێرەى بەدواداچوونى تۆڕى میدیایی رووداو لە رێگەى کۆمپانیاکانى گواستنەوەى کاڵاى هاوردەکراو دەستى کەوتوون، ئەو کاڵایانەى کە لە رێگەى دەریاوە هاوردەى عێراق و هەرێمى کوردستان دەکرێن بەگوێرەى بەندەرەکان، ماوەى گەیشتنیان جیاوازە.
دوورترین وڵات کە زۆرترین کاڵاى لێوە هاوردە دەکرێت چینە، کە لە رێگەى بەندەرەکانى ئوم قەسر لە بەسرەى باشوورى عێراق، عەقەبە لە ئوردن لەسەر دەریاى سوور، مێرسین لە تورکیاوە هاوردەى عێراق و هەرێمى کوردستان دەکرێت.
بۆ بەندەرى ئوم قەسر لە چینەوە هەر کاڵایەک پێویستى بە 50 بۆ 55 رۆژە تاوەکو دەگاتە ناو عێراق، لە بەندەرى عەقەبە 47 رۆژ و لە بەندەرى مێرسین 50 رۆژ.
حامى هەرکى، بەڕێوەبەری کۆمپانیای ئارک ستار بۆ گواستنەوەی نێودەوڵەتی بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، ئەو کاڵایانەى لە چینەوە بۆ عێراق هاوردە دەکرێن، دەبرێنە ئیمارات و لە بەندەرى جەبەل عەلى دەگوازرێتەوە بۆ عێراق و ئەوەش زۆرترین کاتى بەراورد بە بەندەرەکانى دیکە پێدەچێت، لەگەڵ گەیشتنى لانیکەم سێ رۆژى دەوێت بۆ تەواوکردنى مامەڵەى گومرگ و هێنانە ناوەوەى.
ئەو رێکارە لەدواى ئەوە بوو کە ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق لە 6ى تشرینى دووەم بڕیاری دا بەهاى فەرمى 100 دۆلار بەرامبەر بە دینار بکرێتە 150 هەزار دینار.
حامى هەرکى دەڵێت، ئەو کاڵایانەى لە رێگەى وشکانی لە سعودیە، تورکیا و ئوردنەوە هاوردەى عێراق دەکرێن ماوەى سێ بۆ پێنج رۆژیان پێ دەچێت تاوەکو داخڵى سنوورى دەکرێت.
بازرگانان بۆ هاوردەکردنى کاڵا سوود لە دۆلارى بانکى ناوەندى وەردەگرن، کە بە 151 هەزار دینار پێیان دەدرێت، ئەوەش لەدواى چەند رێکارێک کە لە رێگەى سیستمى ئەسیکۆداوە دەگیرێتەبەر بۆ دڵنیابوونەوە لەوەى کە ئەو دۆلارە بەمەبەستى راستەقینەى هاوردەکردنى کاڵا وەردەگیرێت، نەک بۆ بەقاچاخبردن.
بەڕێوەبەری کۆمپانیای ئارک ستار بۆ گواستنەوەی نێودەوڵەتی رایگەیاند بەهۆى بەرزکردنەوەى بەهاى دۆلار بەرامبەر بە دینار ئەو بازرگانانە زیانمەند دەبن کە پێشوەختە کاڵاکانیان بە دینار فرۆشتووە و بەر لەوەى هاوردەى بکەن و لەرێگەدایە بۆ گەیشتن، ئەوە جگە لەوەى نزیکەى 12% دەچێتە سەر نرخى ئەو کاڵایانەى کە بە بەهاى نوێى دۆلار هاوردە دەکرێن.




