رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی نەوتی عێراق رایدەگەیێنێت، دانوستاندنەکانیان لەگەڵ دیمەشق بۆ راکێشانی هێڵێکی نوێی بۆریی نەوت بۆ سەر دەریای ناوەڕاست بەردەوامە، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ وادەیەکی دیاریکراو بۆ دەستپێکردنی پڕۆژەکە دانەنراوە.
سەلیم روکابی، گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق، ئەمڕۆ پێنجشەممە، 8ی تشرینی یەکەمی 2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "تاوەکو ئێستا گفتوگۆ و دانوستاندنەکان لەگەڵ لایەنی سووری بۆ راکێشانی هێڵێکی نوێی بۆریی نەوت بەردەوامە، بەڵام هیچ وادەیەک بۆ دەستپێکردنی راکێشانی هێڵەکە دیاری نەکراوە."
ئەم روونکردنەوەیەی بەغدا لە کاتێکدایە کە رۆژی سێشەممە، یوسف قەبلاوی، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای نەوتی سووریا رایگەیاندبوو، راکێشانی هێڵی نەوتی عێراق بەرەو کەناراوەکانی سووریا لەسەر دەریای ناوەڕاست رەنگە لە سێ مانگی یەکەمی ساڵی 2027دا دەستپێبکات و پڕۆژەکە ئێستا لە قۆناخی دیزاینی سەرەتاییدایە.
عێراق لە هەوڵی فرەچەشنکردنی دەروازەکانی هەناردەکردنی نەوتدایە؛ پرۆژەی راکێشانی بۆریی گواستنەوەی نەوت بۆ بەندەری بانیاسی سووریا، یەکێکە لە بژارە سەرەکییەکان بەتایبەت لە دوای ئاڵۆزی و مەترسییەکانی سەر تەنگەی هورمز.
جگە لە پرۆژەی بۆریی نەوت، بەغدا پەنای بۆ رێگەی وشکانی و تەنکەرەکانیش بردووە. بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای نەوتی سووریا بە ئاژانسی بلومبێرگی راگەیاندووە کە بەغدا داوای هاوکاریی کردووە تاوەکو نەوتی خاو بە تەنکەر رەوانەی بانیاس بکات، هاوشێوەی ئەو نەوتە رەشەی کە ئێستا بە تەنکەر دەگوازرێتەوە.
بە گوتەی قەبلاوی، ئێستا رۆژانە نزیکەی 1,000 تەنکەر نەوتی رەشی عێراق دەگوازرێتەوە (هەر تەنکەرێک نزیکەی 220 بەرمیل دەگرێت)، پێشبینیش دەکرێت بۆ نەوتی خاو رۆژانە بەلایەنی کەمەوە 1,000 تەنکەری دیکە تەرخان بکرێن و کۆگای تایبەتیش لە بەندەری بانیاس بۆ عەمبارکردنی نەوتەکە ئامادە کراوە تاوەکو باربکرێتە سەر کەشتییە نەوتهەڵگرەکان.



