رووداو دیجیتاڵ
دوای زیاتر لە حەوت مانگ لە راگرتنی بەهۆی جەنگەوە، یەکەمین فڕۆکەی هێڵی ئاسمانیی عێراقی لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی نەجەفەوە فڕی و لە تارانی پایتەختی ئێران نیشتەوە.
حوسێن ئەحمەد کەربەلایی، گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق، ئەمڕۆ پێنجشەممە، 8ی تشرینی یەکەمی 2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بەیانیی ئەمڕۆ یەکەم فڕۆکەی هێڵی ئاسمانیی عێراق لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی نەجەفەوە گەیشتە تاران.
بە گوتەی کەربەلایی لەم قۆناخەدا سەرجەم گەشتەکان تەنیا لە رێگەی فڕۆکەخانەی نەجەفەوە بۆ فڕۆکەخانەکانی (مەشهەد، تاران و ئەسفەهان) دەکرێن.
هەروەها مستەفا کوبە، بەرپرسی راگەیاندنی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی نەجەف ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیای رووداوی راگەیاند، دوای چەند مانگێک لە راگیرانی گەشتەکانی، بەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە،یەکەم گەشتی هێڵی ئاسمانیی عێراقی لە فڕۆکەخانەی ئیمام خومەینی نیشتەوە.
بەگوێرەی میدیای ئێران، فڕۆکەکە کاژێر 07:30 خولەکی بەیانی ئەمڕۆ لە فڕۆکەخانەی ئیمام خومەینی نیشتووەتەوە.
لە سەرەتای مانگی ئاداری ئەمساڵەوە، بەهۆی هەڵگیرسانی جەنگی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، هێڵی ئاسمانیی عێراق بۆ پاراستنی سەلامەتیی گەشتیاران سەرجەم گەشتەکانی بۆ ئێران راگرتبوو.
ئێوارەی رۆژی سێشەممە 29ی ئەیلوولی 2026، کۆمپانیای هێڵی ئاسمانیی عێراقیە لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، بە هەوڵ و راسپاردەی راستەوخۆی عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیران و بەدواداچوونی وەهب حەسەنی وەزیری گواستنەوەی عێراق، رەزامەندییان بۆ هێڵی ئاسمانیی عێراق وەرگرتووە تاوەکو گەشتەکانی بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران دەستپێبکاتەوە.
لە 23ی ئەیلوولەوە گەشتی کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانیی ئێران بۆ عێراق راگیرا، ئەوەش بەهۆی سزاکانی ئەمریکاوە. ئێوارەی 4ی تشرینی یەکەمی 2026 فڕۆکەیەکی ئێران لە فڕۆکەخانەی نەجەف نیشتەوە و گەشتەکان دەستیانپێکردەوە.



