رووداو دیجیتاڵ
دادگەی تاوانەکانی نەینەوا سزای پێنج ساڵ و مانگێک زیندانیی بۆ بەڕێوەبەری پێشووی لاوان و وەرزشی نەینەوا دەرکرد، بە تۆمەتی زیان گەیاندنی بە ئەنقەست بە سامانی گشتی و بەبێ مۆڵەت گرێبەستی واژۆ کردووە.
دەستەی دەستپاکیی عێراق، رۆژی پێنجشەممە (8ی تشرینی یەکەمی 2026) رایگەیاند: "دادگەی تاوانەکانی نەینەوا بە ئامادەبوونی تۆمەتبار، سزای زیندانیکردنی بۆ بەڕێوەبەری پێشووی لاوان و وەرزشی پارێزگاکە دەرکردووە، ئەم بڕیارە دوای ئەوە هات کە دەرکەوت تۆمەتبار لە کاتی سەرۆکایەتیکردنی یانەی پسپۆڕیی شەترەنجی (ئوم رەبیعەین)، دەستکاریی سامانی گشتیی کردووە.
تۆمەتبارەکە دەستکاریی ئەو پارانەی کردووە کە موڵکی وەزارەتی لاوان و وەرزش بوون. هەروەها بەبێ ئەوەی هیچ دەسەڵاتێکی یاسایی هەبێت یان رەزامەندیی وەزارەت وەربگرێت، گرێبەستی واژۆ کردووە، ئەمەش بووەتە هۆی بەفیڕۆچوونی داهاتی دەوڵەت و زیانگەیاندن بە بەرژەوەندییە گشتییەکان.
دادگە دەڵێت: "ئەو بەڵگانەی کۆکراونەتەوە تەواو و قایلکەر بوون بۆ سەلماندنی تاوانەکە، بۆیە لەسەر بنەمای مادەی (340) لە یاسای سزادانی عێراقی، بڕیاری زیندانیکردنەکەی دەرکرا".
مادەی 340 لە یاسای سزادانی عێراقی یەکێکە لەو مادە یاساییانەی کە بۆ لێپێچینەوە لەو فەرمانبەر و بەرپرسانە بەکاردێت کە بە ئەنقەست زیان بە بەرژەوەندییەکانی ئەو دامەزراوانە دەگەیێنن کە لێی کار دەکەن.


