رووداو دیجیتاڵ
وەزیرى نەوتى عێراق رایگەیاند تیمێکی تەکنیکی پێکهێنراوە بۆ ئامادەکردنی پێوەری ژمێرەر بۆ بۆرییەکانی نەوت و ئاراستەیەک هەیە بۆ پشتبەستن بە کۆمپانیای راوێژکاریی بۆ دەستەبەرکردنی سیستەمی نوێ بۆ ئاشکراکردنی بە قاچاخبردن، دان بەوەشدا دەنێت کە بەشێک لە ژمێرەرى سەر بۆرییەکان بە دروستى کارناکەن و بۆ رێگرى لە بەقاچاخبردن پێویستیان بە ئامێرى ئاگادارکردنەوەى پێشوەختە.
باسم محەممەد عەبادی، وەزیری نەوتی عێراق رایگەیاند کە فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق (عەلی فالح زەیدی) چەند لیژنەیەکی باڵای پێکهێناوە بۆ بەدواداچوونی دۆسیەی بە قاچاخبردنی نەوت و ئەو کەسانەی تێوەگلاون سزا دەدرێن؛ کۆنترۆڵکردنی بە قاچاخبردنی نەوتیش پێویستی بە هەوڵی وەزارەتەکەیەتی لەگەڵ دەزگا ئەمنییەکان و پەرەپێدانی سیستەمی چاودێری و ئاگادارکردنەوەی پێشوەخت.
وەزیری نەوتی عێراق رایگەیاند کە تیمێکی تەکنیکی پێکهێنراوە بۆ ئامادەکردنی پێوەری ژمێرەر بۆ بۆرییەکانی نەوت و ئاراستەیەک هەیە بۆ پشتبەستن بە کۆمپانیای راوێژکاری بۆ دەستەبەرکردنی سیستەمی نوێ بۆ ئاشکراکردنی بە قاچاخبردن.
ئەو گوتانەی باسم محەممەد عەبادی لەبارەی دۆسیەی بە قاچاخبردنی نەوت لە هەڤپەیڤینێکدا بوو لەگەڵ میدیای فەرمیی عێراق.
وەزیری نەوتی عێراق رایگەیاند کە هەندێک سەرپێچییەکان پەیوەندیدارن بە هەندێک لە کارگەکان و لە چەند رۆژی داهاتوودا وەزارەتی نەوت و وەزارەتی پیشەسازی کۆدەبنەوە، بۆ دیاریکردنی میکانیزمێک بۆ پێدانی کەرەستەی سەرەتایی بەو کارگانە، هەتاوەکو وەزارەتی پیشەسازی چاودێریی بەرهەمەکانیان بکات.
دووشەممە 23ی تشرینی دووەمی 2026 وەزارەتی نەوتی عێراق بڕیاری دا ناردنی هەندێک لە بەرهەمە نەوتییەکانی پاشماوەی پاڵاوگەکان بە نرخی پاڵپشتیکراو بۆ کارگە و کۆمپانیا و پاڵاوگەکانی هەرێمی کوردستان رابگرێت.
وەزیری نەوتی عێراق رایگەیاند کە ژمێرەر لەسەر هەموو بۆرییەکانی نەوت هەیە، بەڵام ئەو بڕەی "لێی دەدزرێت زۆر کەمە" بەراورد بەو بڕەی بەو بۆرییانەدا تێدەپەڕێت، ئەوەش وایکردووە لە رووی تەکنیکییەوە دیاریکردنی جیاوازییەکە کارێکی قورس بێت، ئەوە جگە لەوەی ئەگەر هەیە بەشێک لەو ژمێرەرانە بە شێوەیەکی دروست کار نەکەن، یان رێگەی تەکنیکیی دیکە هەبێت بۆ دزینی نەوتەکە.
بە گوتەی باسم محەممەد عەبادی، هەندێک لەو ئاستەنگانەی رووبەڕوویان دەبێتەوە لە رێگری لە بە قاچاخبردنی نەوت ئەوەیە، کە هەندێک لە بۆرییەکانی نەوت بە شوێنی نیشتەجێبوون و کشتوکاڵیدا تێپەڕ دەبن و توانای دارایی پێویستیان نییە بۆ ئەوەی رێڕەوی ئەو بۆرییانە بگۆڕن.
حکومەت و پەرلەمانی عێراق بە جیا لیژنەیان پێکهێناوە بۆ لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونی بە قاچاخبردنی نەوت، کە سەرەتاکەی لە ناحیەی جورف سەخر لە پارێزگای بابل دەرکەوت.
وەزیری نەوتی عێراق رایگەیاند کە راپۆرت و لێکۆڵینەوەیەک هەیە کە ئامادە دەکرێت لەبارەی بە قاچاخبردن لە کێڵگەکانی باکوور و راسپاردەی دەبێت.
باسم محەممەد عەبادی گوتی: "سەرپێچی لە هەندێک لەو کێڵگانە هەیە کە موڵکی کۆمپانیای نەوتی باکوورن و حکومەتی هەرێمی کوردستان دەستی بەسەردا گرتوون، بۆچوونی وەزارەتی نەوتیش وایە کە بەڕێوەبردنی کێڵگەکانی نەوت فیدراڵی بێت، هاوشێوەی کێڵگەکانی ناوەڕاست و باشوور."
وەزیرى نەوت رایگەیاند کە تێڕوانینى سەرۆکوەزیران وایە کە کێشە هەڵپەسێردراوەکان یەکلا بکاتەوە و کۆنتڕۆڵکردنى دەروازە سنوورییەکان بەهێز بکات، لە رێگەى ئەوەى بەرپرسیارێتیەکەى بدرێتە سوپا لە باکوور هەتاوەکو باشوور.




